حەماس: بە زیندوویی سووتاندنی لەشکریانی میسری لە لایەن ئیسرائیلییەکانەوە نمونەی بەرچاوی سادیسمە
حەماس لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەواڵی بە زیندوویی سووتێندرانی دەیان لەشکریی میسری لە شەڕی ١٩٦٧، وەھا دیاردەیەکی بە نیشانەی سادیسمی سوپای ڕژێمی زایونی زانی.
ڕۆژنامەی زایونیستیی «یەدیعوت ئاحارۆنوت» لە ھەنگاوێکی لەقاودەرانەدا نووسی: ڕژێمی زایونی تەرمی ٧٠ چەکداری تایبەتیی میسری کە وەک ھێزی پشتیوان بۆ یارمەتی دانی ئەردەن لە شەڕی ١٩٦٧ ڕۆییشتبوون لە شوێنێکدا ناشتووە کە ئەمڕۆ گەراژی ترۆمبیلە.
ئەم شوێنە لە پارکی شارێکی ناسراو بە «مینی ئیسرائیل» لە ناوچەی «ئەل لیترون» ھەڵکەوتووە، ناوچەیەک کە ڕژێمی زایونی لەو شەڕەدا داگیری کردو خەڵکی سێ گوندی ناوداری ئەو کلات واتە «عمواس، یالو و مەجدەل»ی ھەڵوەداو ئاوارە کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەلڕیسالە، «حازم قاسم» وتەبێژی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین «حەماس» ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند: درکێندرانی دڕندەکارییەکەی سوپای ڕژێمی داگیرکەری زایونی لە شەڕی ١٩٦٧ و سووتاندنی دەیان لەشکریی میسری بە زیندوویی، بارستایی تیرۆریزم و سادیسمی زاڵ بوو بە سەر سوپای ئەم ڕژێمە لە تەواوی شەڕەکانی دژی ئوممەتی فەلەستین دەگەیەنێت.
ڕۆژنامەی زایونیستیی «یەدیعوت ئاحارۆنوت» بە گێڕانەوە لە «زئیۆ بلوخ» لەشکریی ئیسرائیلیی بەشداری شەڕی ١٩٦٧ نووسی: تەرمی ٧٠ لەشکریی میسری و لەوانەشە دەیان لەشکریی دیکە لەم شوێنەدا نێژراوەو کەس ئاگای لێی نەبووە. «بلوخ» لەو سەردەمەدا لەو ناوچەیە بووەو ئەم نھێنییەی ٥٥ ساڵ پاراستووە.
«بلوخ» وتوشیەتی: ئەو تەرمانەی کە لە بیرێکدا ئاخنران ئەو سەربازانە بوون کە بە زیندوویی سووتێندران. ناوچەکە بە دڕک و داڵێکی چڕوپڕو بەبەرزایی مەترونیوێک داپۆشرابوو، ئەمەش واتی دەکرد کە زووتر گر بگرێت.
شەڕی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧ کە بە «ئەلنەکسە» لە نێو عەرەبەکاندا ناسراوە کوژرانی ١٥ ھەتا ٢٥ ھەزار عەرەبی لێ کەوتەوەو لە پێنجەم ھەتا دەھەمی ژوئەن خایاندی.