ئادار 21, 2023 21:44 Asia/Tehran
  • نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان یەمەن و هاوپەیمانیی عەرەبستان بۆ گۆڕینەوەی دیلەکان

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن شەوی دووشەممە لە سەر سێ شەممە پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان سەنعاو هاوپەیمانی عەرەبستان کرد بۆ گۆڕینەوەی دیلەکان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، «هانس گروندبێرگ» ڕایگەیاند کە لایەنە تێکھەڵچووەکان لە یەمەن ڕۆژی دووشەممە کۆتابییان بە کۆبوونەوەیەکی ١٠ ڕۆژە لە سویسرا هێنا، کە تیایدا پلانی جێبەجێکردنی ئازادکردنی ٨٨٧ زیندانیی پەیوەست بە پێکدادانەکان کۆتایی پێ هات.

ئاماژەی بەوەشکرد: لایەنەکان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە مانگی مای داهاتوو کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆرتری دیلەکان.

هەروەها هیواشی خواست ئازاری یەمەنییەکان کە هێشتا چاوەڕوانی ئازیزانیانن و چارەنووسی خۆیان نازانن بەم زووانە کۆتایی پێبێت.

«عەبدولقادر مورتەزا» سەرۆکی لیژنەی کاروباری دیلەکانی حکومەتی ڕزگاریی نیشتمانیی یەمەن شەوی دووشەممە ڕایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانیی عەرەبستان بۆ گۆڕینەوەی دیلەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

«ئەلمۆرتەزا» وتیشی: لەسەر گۆڕینەوەی ٧٠٦ کەس لە دیلەکانمان لە بەرامبەر ١٨١ دیلی هاوپەیمانیی عەرەبستان ڕێککەوتن کراوە.

پێشتر "محەمەد عەبدولسەلام"، وتەبێژی بزوتنەوەی «ئەنساروڵڵا»ی یەمەن و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری سەنعا، ڕێککەوتنی نزیکی نێوان عەرەبستان و یەمەن سەبارەت بە گۆڕینەوەی دیلەکانی ڕاگەیاندبوو.

پێشتریش ژمارەیەک لە دیلەکانی سوپا و هێزەکانی سەر به حکومەتی دەستله کارکێشاو و هەڵهاتووی ئەم وڵاته به چەند قۆناخ له ڕێگەی ناوبژیوانه خۆجێییەکانەوە ئازاد کراون.

سەرپەیڤ