بەردەوامیی هێرشی درۆنیی ئەرتەش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕۆژهەڵاتی_ناڤین-i445514-بەردەوامیی_هێرشی_درۆنیی_ئەرتەش_بۆ_سەر_بنکەکانی_ئەمریکا_لە_کوەیت
ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە کە هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر بنکە و کۆگاکانی سوپای ئەمریکا لە کوەیت ئێستایش هەر بەردەوامە.
(last modified 2026-07-19T15:13:45+00:00 )
ته‌مووز 19, 2026 18:43 Asia/Tehran
  • بەردەوامیی هێرشی درۆنیی ئەرتەش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت

ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە کە هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر بنکە و کۆگاکانی سوپای ئەمریکا لە کوەیت ئێستایش هەر بەردەوامە.

ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە خولێکی نوێی هێرشی درۆنی و لە قۆناغی ١٧ی ئۆپەراسیۆنی برووسکەدا و دوابەدوای پێشێلکرانی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و تاوانەکانی دوژمنی زاڵم و خوێنڕێژ لە ناوچە مەدەنییەکانی ئێراندا، لە سەرەلەبەیانیی ئەمڕۆوە کۆگای تەقەمەنی سوپای ئەمریکای لە کەمپی ئەلعەدیری، هەممارەکانی کەرەستە و شوێنی مانەوەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانی عەلی ئەلسالمی بۆ دووهەمین جار کردە ئامانج. ئەم هێرشانە لە درێژەی قۆناغی ١٦ی ئۆپەراسیۆنی برووسکە ئەنجامدراون؛ ئۆپەراسیۆنێک کە لەویشدا کۆگای تەقەمەنی سوپای ئەمریکا لە کەمپی ئەلعەدیری، سیستەمی ڕاداریی پاتریۆت و ڕاداری ئاسمانی بنکەی عەلی ئەلسالم بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆتەقێن هێرشیان کرایەسەر. بەپێی ڕاگەیاندنی ئەرتەش، کەمپی ئەلعەدیری یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی پاڵپشتی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هەروەها بنکەی ئاسمانی عەلی ئەلسالم ناوەندی سەرەکی گەشتی ئاسمانی و گواستنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیایە. ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئیدانەکردنی پەلاماردرانی پردەکان، ژێرخانەکان و ناوچە مەدەنییەکان پێیداگرت کە هێزە چەکدارەکان بە پشتبەستن بە یەکپارچەیی نیشتمانی و فەرماندەرێتیی گشت هێزە چەکدارەکان، بۆ بەرگریکردن لە گەلی ئێران بەرامبەر بە دوژمنانی ئێران و مرۆڤایەتی بە هەموو تواناوە و بە دڵ و گیان هاتوونەتە مەیدانەوە. هەر لەم پێوەندییەدا و دوابەدوای درێژەی هێرشە ئاسمانییەکانی دوژمنی ئەمریکایی بۆ سەرچەن ناوچەیەکی ئێران، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرمێس پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ئاسمانی باشووری پارێزگای ئیلام خرایە خوارەوە. ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن سیستەمی بەرگریی یەکپارچەی ئاسمانی کرایە ئامانج. هەروەها ئەرتەشی ئێران ڕایگەیاندووە کە درۆنێکی MQ9یشی لە ئەهواز خستۆتە خوارەوە.