داڕمانی کەرتی تەندروستیی غەززە
غەززە بەرەوڕووی داڕمانی بەتەواوەتی کەرتی تەندروستی و دەرمانە، بەچەشنێک کە نەخۆشخانەکان لەبەر درێژەی گەمارۆ و شەڕ، توانای ئەوەیان نییە کەمترین خزمەت بە نەخۆشان بکەن.
بەڕێوەبەری ناوەندی شێرپەنجەی غەززە وتی کە ژوماری کەسانێک کە گیانیان لەدەستداوە لەنێو تووشبووان بە شێرپەنجە گەیشتووەتە نزیک بە دوو هەزار کەس و ڕێژەی ڕۆژانەی مەرگ و مردن لەو تاقمەدا، نزیک بە سێ هێندەی ڕێژەی تۆمارکراوی پێش دەسپێبوونی شەڕە. لەلایەکی دیکەوە، نزیک بە٢١هەزار نەخۆشی فەلەستینی بۆ نموونە لەنێوان سێ هەزار و پێنج سەد بۆ چوارهەزار تووشبوو بە شێرپەنجە، پێویستی خێرایان بە چارەسەریی لە دەرەوەی غەززە هەیە. ئەوە لەکاتێکدایە کە خراپ بوونی ئامێرەکان، لاوازبوونی ئاستی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکان، کەمیی کەرەستەو کەلوپەلی پزیشکی و بەرتەسکی و ئاستەنگەکانی بەردەم گواستنەوەی نەخۆشان، لەو هۆکارانەیە کە ئەگەری زیندوو مانەوەی نەخۆشان لە غەززە کەم دەکا.
ناوەندی خێرای فریاکەوتن و ڕاژەکارییە پزیشکییەکانی غەززەش ڕایگەیاند، لەئەنجامی پەلاماری درۆنێکی زایۆنیستی بۆسەر رۆژاوای شاری خان یونس، چەند کەس بریندار بوون. تۆپخانەکانی رژیمی زایۆنیستی، رۆژهەڵاتی شاری غەززەشیان تۆپباران کرد. وەزارەتی تەندروستیی غەززە، سەبارەت بە ژوماری شەهیدانی فەلەستینی رایگەیاند؛ لە دەسپێکی هێرشەکان لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە سنوری ٧٤هەزار کەسی تێپەڕاند و ژوماری بریندارانیش زیاترە لە ١٧٥هەزار کەس. لە لوبنانیش پەلامارەکانی رژیمی زایۆنیستی بەردەوامەو هەواڵە بڵاو کراوەکان باس لە بۆردومان و تۆپبارانی ناوچە جیاجیاکانی باشووری لوبنان ، بۆ نموونە شارۆچکە ئاوەدانەکان دەکا. سەرچاوە لوبنانییەکان ڕایانگەیاند، تۆپخانەی ئەو رژیمە ناوچەی "جەرمەق" و گردووپەڕی شارۆچکەی "حاریس" لە باشووری لوبنانی تۆپباران کرد.