ته‌مووز 12, 2020 21:54 Asia/Tehran
  • دۆزرانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە شەنگاڵ

فەرمانداری پێشووی شەنگاڵ راگەیاند : گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێ لە گوندێکی شەنگاڵ دۆزراوەتەوە کە روفاتی کوردانی ئێزدی قوربانیی تاوانکاریی داعشی تێدایە .

مەحما خەلیل قایمقامی پێشووی شەنگاڵ لە دیمانەیەکدا لە گەڵ  میدیای خەندان رایگەیاند گۆڕێکی بە کۆمەڵی نوێ لە گوندێکی رۆژھەڵاتی شەنگاڵ دءۆراوەتەوە . 

مەحما خەلیل،  راگەیاند، تائێستا لە سنوری قەزای شەنگال  90 گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە و کە دواهەمینیان دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵە لە گوندێکی رۆژهەڵاتی سنوری قەزای شەنگال، تائێستا نازانرێت چەند کەس لەو گۆڕە بە کۆمەڵەدا کوژراوە و خەڵکی چ گوندێکن کە زیندەبەچاڵ کراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، داوایان لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق  و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە بە هاوکاری تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان پەلە بکەن لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئێزدییەکان، چونکە وەک بەڵگەیەکی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لە سەدەی 21 دا تۆماردەکرێت و دەبێتە بەڵگەیەکی مێژوی لەو تاوانەی بەرامبەریان ئەنجام دراوە.

مەحما خەلیل ئەوەشی خستەڕو، دواکەوتنی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئێزدییەکان کارێکی نەگونجاوە و زیان بە هەوڵەکانی بە دۆکیومێنتکردنی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە عێراق لەسەر دەستی رێکخراوی داعش دەگەیەنێت.