پارتی دیموکراتی کوردستان: لە هەڵبژاردن ناترسین جا پێشوەختە بێت یان نا
پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق راگەیاندووەو دڵنیایی داوە کە لەگەڵ هێزە کوردییەکانی تر نابنە ئاستەنگ لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕەکانی ھەرێمی کوردستان، «ڤیان سەبری» سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکارات لە پەرلەماتی عێراق لەلێدوانێکدا رایگەیاندووە: هەرچەندە هێزە کوردییەکان سەرنج و تێبینیان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە، بەڵام قەت نابنە ئاستەنگ لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان یان دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان.
ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، پارتەکەیان لە هەڵبژاردن ناترسێت جا پێشوەختە بێت یان نا ، یەک بازنە بێت یان فرە بازنە.
«ڤیان سەبری» لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە گرنگە سازان و ڕێککەوتن لەسەر پرسەکانی وەک بازنەکانی هەڵبژاردنو خشتە هاوپێچەکانی تری یاسای هەڵبژاردن و میکانیزمی هەڵبژاردنەکان و جومگەکانی تری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بکرێت.
ناوبراو سەبارەت بە مەترسیی ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانیشدا ڕایگەیاندووە: هەڵبژاردنی داهاتوو هەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە دەبێت، نامانەوێت ئەزمونی هەڵبژاردنەکانی رابردوو دووبارە ببێتەوە لە بوونی ساختەکاری و بەشداریی کەمی هاووڵاتیان، وەک چۆن ناشمانەوێ بەخێرایی دەنگ لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان بدەین و دواتر لەبەر نارەزایەتی شەقام یان بوونی کەلێن و سەرپێچی یاسایی ناچار بین جارێکی تر بیر لە هەموارکردنەوەی بکەینەوە.