عهلی حهمه ساڵح وازی له ئهندامێتیی پهرلهمان و جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان هێنا
بەهۆی ئهوهی رێکخەرو خانەی راپەڕاندن داوایان لێکردوە ئیمزاکەی بۆ بانگهێشتکردنی مەسرور بارزانی بۆ پەرلەمان بکشێنێتهوه، عەلی حەمەساڵح دەستی لە پۆستی سەرۆکی فراسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستانو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کێشایەوە.
سەرچاوەیەک بە میدیای وێستگە نیوز-ی راگەیاند کە ماوەی چوار رۆژە عەلی حەمەساڵح دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستانو ئەندامێتی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان پێشکهش کردوه.
ئەوەش ئاشکرابووە کە عەلی حەمەساڵح نوسراوی دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەشی جڤاتی نیشتمانیو خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان کردوە و تائێستاش خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەستلەکارکێشانەوەکەی عەلی حەمەساڵحی پەسەند نەکردوە.
ئاماژهی بهوهشکردوه که "چەند رۆژێکە لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو ئەندامانی خانەی راپەڕاندنەوە فشار خراوەتەسەر عەلی حەمەساڵح بۆ ئەوەی واژۆی خۆی لەسەر ئەو نوسراوە بکێشێتەوە کە تێیدا پەرلەمانتاران داوای لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتو قوباد تاڵەبانی جێگیریو ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییو ئابوری دەکەن."
لە فراکسیۆنی گۆڕان جگە لە عەلی حەمەساڵح، سێ پەرلەمانتاری تر ئیمزایان لەسەر نوسراوەکە کردووە، بەڵام فشارەکە زیاتر لەسەر عەلی حەمەساڵحە، بەوپێیەی سەرۆکی فراکسیۆنەکەیەو بەپێی قسەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن پۆستەکەی نوێنەرایەتی سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان دەکاتو نابێت بەشدار بێت لەو هەوڵەدا بەتایبەتی لەکاتێکدا کە بزوتنەوەی گۆڕان خۆی بەشدارە لە حکومەت.
سەرباری ئیمزاکەی پەرلەمان کە کێشەی بۆ دروستکردووە، ماوەیەکە عەلی حەمەساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی بزوتنەوەکەی لە ناکۆکیدایە لەبارەی بەشداری گۆڕان لە حکومەتو بەمدواییە لە چاوپێکەوتنێکدا وتی:" ماوەی شەش مانگە دژی ئەم فۆرمەی بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕانم لە حکومەت".
عەلی حەمەساڵح بەمدواییە بەشێوەیەکی زیاتر قسە لەسەر قاچاخچێتی دەروازە سنورییەکانو گەندەڵی دەکات لە حکومەت، ئەمە لەکاتێکدایە بزوتنەوەکەی لایەنێکی سەرەکی پێکهێنەری کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێمەو هەردوو وەزارەتی وەزارەتی داراییو بازرگانی کە پەیوەندیدارن بە کاروباری دەروازە سنورییەکان بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوەن.