کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و «موحەممەد حەلبوسی» سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ «موحەممەد» حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوەو، هەردووک لا جەختیان لە هاوکاریی نێوان لایەن و پێکهاتەکانی وڵات کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەکانی ئەم قۆناغەی ئێستا و تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا پرۆسەی سیاسی و کاری ئەنجوومەنی نوێنەران و یاسادان، بابەتی دادگای فیدراڵی و میکانیزمی کاندیدکردنی ئەندامانی، پرۆسەی هەڵبژادنی داهاتووی عێراق، مەترسییەکانی تیرۆر، پێوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، دۆخی گشتیی وڵات بەتایبەتی ناوچە زیان بەرکەوتووەکانی شەڕی دژی داعش و پێویستییەکانیان، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، دۆخی پێکهاتەکان و چەند پرسێکی تریان تاوتوێ کرد.
ھەردووک بەرپرسە باڵاکەی عێراق لە کۆبوونەوەکەیاندا دۆخی ئاوارەکانی شەڕی داعش لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی گەڕاندنەوەیان و پێویستیی بایەخدانی زیاتر بە دۆخی ئاسایش و سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان بەرکەوتووەکانی شەڕ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە خەڵکی گەڕاوە بۆ ئەو ناوچانە، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەشیان خستە بەرباس و لێکدانەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە پێی داخوازیی«ئێمانۆئێل مەکرۆن»ی سەرۆک کۆماری فەرەنسا سەردانی بەغدای کردووە.