نیسان 01, 2021 18:13 Asia/Tehran
  • جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان : هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە کە دەستبەجێ پابەند دەبین بە بودجەوە

«قوباد تاڵەبانی» جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای تێپەڕێندرانی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە کە دەستبەجێ پابەند دەبین بە بودجەوە.

لە پاش تێپەڕێندرانی بودجەی عێراق کە تیای دا پشکی ھەرێمی کوردستانیش ڕەچاو کراوە،  «قوباد تاڵەبانی» جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا لە بەغداوە، جەختی لەوە کردەوە کە ، بودجە پەسەند کرا، هیوادارین ببێتە هۆی گەڕانەوەی سەقامگیریی ئابوریی عێراق و باشترکردنی دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان.

«قوباد تاڵەبانی» ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بودجەیە کە گەیشتووەتە ئەنجام دەرئەنجامی گفتوگۆ و کۆبوونەوەیەکی دوور و درێژ بوو، ئەم دەستکەوتە دەستکەوتی تەنها قوباد و تاکە کەس و تاکە لایەنێک نییە، بەڵکو دەستکەوتی هەموو ئەوانەیە کە پێوەی ماندوو بوون.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی، ئەم دەستکەوتە دەستکەوتی هەموو ئەوانەیە کە بەشداربوونە تێیدا، لە سەرۆک کۆمارەوە تا ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی ناوەند و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و کۆتلە کوردستانییەکان و هاوپەیمانیی هیوا و فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی و ئەندامانی لیژنەی دارایی، هەروەها سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرجەم سەرکردە سیاسییەکانی هەرێم کە بەردەوام لەسەر خەت بوونە.

«قوباد تاڵەبانی» سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کورستانیشی کرد و ئاشکرایکرد، ئەم دەرئەنجامە کۆتایی ڕێگاکەمان نییە بەڵکو دەستپێکی ڕێگایەکی نوێیە و هیوادارین ببێتە ھۆی باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لەنێوان هەردووک لادا.

«تاڵەبانی» ئاماژەی بەوەش کرد کە، هەموو لایەک لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە دەستبەجێ پابەند دەبین بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە و وەزارەتەکان ئاگادار دەکەینەوە کە پەیوەندی بە ناوەندەوە بکەن و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەرببڕن.

سەرپەیڤ