نێچیرڤان بارزانی : دەتوانێ سەرەتایەکی باش بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و حکومه‌تى فیدراڵ
«نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی پەسەند کرانی بودجە لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ئەمە دەتوانێ سەرەتایەکی باش و هاندەرى چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و حکومه‌تى فیدراڵ بێت و بە هیواشین هه‌موو لایه‌ک پابه‌ندى یاساکە بن .
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە، ڕۆژی پێنج شەممە «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا بە بۆنەی پەسەند کرانی بودجە لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە: بەبۆنەی پەسەندکردنی بودجه‌ى عێراقه‌وه، پیرۆزبایى له گه‌لى عێراق و دەستخۆشی لە سەرۆکایەتى و هەموو فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم، هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران «مستەفا کازمی» بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و ڕێککه‌وتن، مایه‌ى ڕیز و سوپاسن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ چارسه‌رکردنى کێشه‌کان و سه‌قامگیرى و ئاوه‌دانى و داھاتوویەکى باشتر، عێراق پیویستى به هاریکاریى هاوبه‌ش و کارى پێکه‌وه‌ییه و ده‌بێ هه‌موومان پشتیوانى له‌و ئاراسته‌یه بکه‌ین.
سەرۆکی هەرێم ڕاشیگەیاند: ده‌ستخۆشییه‌کى تایبەت لە «قوباد تاڵەبانی» سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی ھەرێم دەکەم کە له‌گه‌ڵ ئەندامانی شاندی هەرێمی کوردستان به پشوودرێژی و سه‌رکه‌وتووانه دانوستانێکی سەختیان تێپەڕاند، دەستخۆشی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش ده‌که‌م کە هاوکار و پشتیوانی یەکتر و شاندی حکومەت بوون بۆ جێگیرکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، هیوادارین هه‌موو لایه‌ک پابه‌ندى یاساکە بن. په‌سه‌ندکردنى بودجە دەتوانێت سەرەتایەکی باش و هاندەرى چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و حکومه‌تى فیدراڵ بێت. جێبه‌جێکردنى یاساکه دەبێته هۆی بەهێزکردنەوەی پرۆسەی سیاسی و پێکه‌وه‌ژیان و چەسپاندنی مافی هاوڵاتیبوون بۆ هەمووان و دەرگای گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بۆ هەموو لایەنەکان ده‌کاته‌وه تا پێکه‌وه له‌پێناو سەقامگیری و ئاوەدانی و پێشکه‌وتنى وڵات‌دا کار بکه‌ن.