نیسان 18, 2021 08:31 Asia/Tehran
  • فراکسیۆنی گۆڕان جارێکی دیکە داوای کشانەوەی حزبەکەی لە دەسەڵات دەکات

فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا جارێکی دیکە نامەیەکی دەگەیەننە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی فراکسیۆنەکە داوای کشانەوەی حزبەکەیان لە دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فراکسیۆنی گۆڕان بە  عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە دەڵێت: جەنابتان باش دەزانن ناکۆکیی سەرەکی نێوان ئێمە و ئێوە لەسەر جۆری بەشداری و مانەوەتانە لەم کابینە و دەسەڵاتەدا. هۆکاری ناکۆکیمان ئەوەیە، ئێوە بە پێچەوانەی بەڵێنی خۆتان کە ماوەی شەش مانگ و پاشان ساڵێکتان دیاری کرد بۆ چاکسازی، کەچی لەبری چاکسازی مووچەی خەڵک بڕدرا و ئێوە لەبری کشانەوە بەڵێنەکەی خۆتان شکاند و هێشتا ماونەتەوە لە دەسەڵاتدا.

لە نامەکەدا هەروەها هاتووە: داواتان لێدەکەین لە دەسەڵات بکشێنەوە و پشت بکەنە کورسی و دەستکەوتی ماددی و رووبکەنە خەڵک و شەقام،  داواش دەکەن بەشداربن لە هاوپەیمانێتییێکی دەرەوەی دەسەڵات بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی عێراق.

فراکسیۆنەکەی گۆڕان دەڵێن: ئەگەر ئەو بڕیارە بدەن ئێمە هاوکارتان دەبین تا ئاستی وازهێنان لە خولی ئێستای پەرلەمان و خۆکاندیدنەکردنەوە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان.

فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا چاوەڕوان دەکات لە ماوەی دوو رۆژدا رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی نامەکەیان بداتەوە.

سەرپەیڤ