نیسان 29, 2021 22:38 Asia/Tehran
  • کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

سەرۆک کۆماری عێراق لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر و دوای کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لایەن «نێچیرشان بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش پێشوازیی لێ کراو پێکەوە گرینگترین پرسەکانی ڕۆژیان تاوتوێ کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر و دوای کۆبونەوەی لەگەڵ «مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و «مەسرور بارزانی»  سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ،  گەیشتە سەرۆکایەتی هەرێم  و لەلایەن «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان، «جەعفەر شێخ مستەفا» و «مستەفا سەید قادر» جێگرانی سەرۆکی هەرێم، «قوباد تاڵەبانی» جێگری سەرۆکی حکومەت و «فەوزی هەریری» سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش پێشوازیی لێکرا.

لەم پەیوەندییەدا «هەڵکەوت چەلەبی» سکرتێری رۆژنامەوانیی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاندووە، سەرۆک کۆماری عێراق لەچوارچیوەی سەردانەکانیدا لەهەولێر ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە گەیشتە سەرۆکایەتیی هەرێم و لەگەڵ «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لەکۆبونەوەی نێوان «بەرهەم ساڵح» و سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لەبارودۆخی ئێستای عێراق، هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵوێستی کورد لەهەڵبژاردندا کراو سەرۆک کۆماری عێراق داوای یەکڕیزی کوردیشی کردلەم دۆخەی ئێستاداو تیشکیش خرایە سەر دۆسیەی ئەمنی و هێرشەکەی هەولێر لەماوەی ڕابردوودا.

سەردانەکەی سەرۆک کۆماری عێراق  بۆ هەولێر لەکاتێکدایە کە رۆژی سێشەممەی رابردو «موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە هەولێرو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆبووەوە، رۆژێک پێشتریش لە بەغدا، «زەریف» گەییشتە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار و لەگەڵ «بەرهەم ساڵح»و پاشان لەگەڵ «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆبووەوە.

سەرپەیڤ