ته‌مووز 12, 2021 15:34 Asia/Tehran
  • له‌ڕاگه‌یه‌نراوێکدا بافڵ تاڵه‌بانى وه‌ک سه‌رۆکى یه‌کێتى ناسێندرا

له‌ڕاگه‌یه‌نراوێکدا بافڵ تاڵه‌بانى وه‌ک سه‌رۆکى یه‌کێتى ناسێندراو ئه‌وه‌ش ڕاگه‌یه‌نراوه‌ که‌ وتویه‌تى:"ده‌مانه‌وێت ناوماڵى کورد ڕێکبخه‌ینه‌وه‌و ده‌مانه‌وێت دیدی ھاوبەشمان ھەبێت بۆ پرسەکان".

بە پێی ھەواڵێکی شارپرێس ، لێپرسراوی لیواکانی (3و 7)ی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵیش بافڵ تاڵەبانی وه‌ک سەرۆکی یەکێتی ده‌ناسێنێت، میدیاى فه‌رمیى یه‌کێتیش خۆى یه‌کلاکرده‌وه‌و بافڵ تاڵه‌بانی وه‌ک سه‌رۆکى یه‌کێتى ناوبردوه‌.

ئه‌مڕۆ له‌هه‌واڵێکدا که‌ له‌په‌یجى فه‌رمى خۆى بڵاویکردۆته‌وه‌ نوسیویه‌تى، "سەرۆک بافڵ تاڵەبانی لەدەباشان پێشوازیکرد لەحەیدەر عەبادی سەرۆکی ھاوپەیمانی نەسرو سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "لەدیدارێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەرەسەندنە سیاسییەکانی ھەرێم‌و عێراق‌و ناوچەکەو ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق".

باس له‌وه‌شکراوه‌، "بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆی ھاوکێشەکان نەخشەڕێگاو ستراتیژی نیشتمانیی‌و ڕوونی یەکێتی خستەڕوو و یەکخستنی ھێزو تواناو بۆچونە جیاوازەکانی دوپاتکردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەدییەکان‌و گەیشتن بەچارەسەری ڕیشەیی کێشەکان لەنێوان ھەرێم‌و عێراقدا".

لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە بافڵ تاڵه‌بانى وتویه‌تى:"دەمانەوێت ماڵی کورد ڕێکبخەینەوەو دیدی ھاوبەشمان ھەبێت بۆ پرسەکان‌و پێکەوە کوردستان بەرەو کەناری ئارامی‌و سەقامگیری ببەین، بۆ ئەوەش پێویستمان بەبراو هاوڕێکانمان دەبێت لەھێزە شیعی‌و سوننەکان‌و سەرجەم هێزو لایەنەکانی تر کە پشتیوانمان بن‌و پێکەوە وڵاتێکی دامەزراوەیی بونیادبنێن‌و گیانی لێبوردەیی‌و پێکەوەژیان ببووژێنینەوە، ئەمەش ئەو سیاسەتەیە کە یەکێتی پەیڕەوی دەکات".

به‌گوێره‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌کێتى، ئه‌و حزبه‌ دوو که‌س به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن به‌گوێره‌ى سیستمى هاوسه‌رۆکایه‌تى، ئه‌و دوو هاوسه‌رۆکه‌ش لاهور شێخ جه‌نگى‌و بافڵ تاڵه‌بانیه‌، به‌ڵام له‌دواى دروستبونى گرژییه‌کانى ئێواره‌ى ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌وه‌ ناکۆکیه‌کانى نێوان هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى توندبۆته‌وه‌.

له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌ لیوا ئه‌یوب یوسف لێپرسراوی لیواکانی (3و 7)ی سه‌ر به‌یه‌که‌ی 70ی یه‌کێتیی که‌ ئه‌و دوو لیوایه‌ سه‌ر به‌کۆسره‌ت ڕه‌سوڵن ئاماژه‌ى به‌سه‌ردانه‌که‌ى دوێنێى بافڵ تاڵه‌بانى‌و قوباد تاڵه‌بانى کردوه‌ بۆ باره‌گاى هێزه‌کانى 70ى پێشمه‌رگه‌.

هاوکات میدیاى فه‌رمى یه‌کێتی‌و میدیاکانى نزیک له‌کوڕانى تاڵه‌بانى خۆیان یه‌کلاکرده‌وه‌و بافڵ تاڵه‌بانیان وه‌کو سه‌رۆکى یه‌کێتى ناوبردوه‌، له‌میانى ڕوماڵى پێشوازى له‌حه‌یده‌ر عه‌بادى-شدا سه‌رۆکیان بۆ بافڵ تاڵه‌بانى به‌کارهێناوه‌ له‌برى هاوسه‌رۆک.

سەرپەیڤ