ئادار 30, 2022 16:14 Asia/Tehran
  • کۆبوونەوەی نێوان سه‌رۆکى هه‌رێمى ‏کوردستان و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لوکسه‌مبۆرگ

سه‌رۆکى هه‌رێمى ‏کوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لوکسه‌مبۆرگ کۆبووه‌وه‌ و رایگه‌یاند، ‏کلیلى ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق، چاره‌سه‌کردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێمى ‏کوردستان و حکوومه‌تى فیدرالیى عیراقه‌ و هه‌ردوولا ده‌بێ به گفتوگۆ و له‌سه‌ر ‏بنه‌ماى ده‌ستوور، ڕێگه‌چاره‌ بۆ نه‌هێشتنى کێشه‌کان بدۆزنه‌وه‌.‏

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێکی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ «نێچیرڤان بارزانى»، سه‌رۆکى هه‌رێمى ‏کوردستان، پێشوازى له‌ «ژان ئه‌سیلبۆرن» وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لوکسه‌مبۆرگ ‏کرد و له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کدا دوایین پێشهاته‌کانى دۆخى سیاسیى عیراق له‌ سه‌روبه‌ندى ‏دانیشتنى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى ‏چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانیان، دۆخى ئێزدییان و ناوچه‌ى شه‌نگال و پێکهاته‌کان له‌ ‏ده‌شتى نه‌ینه‌وا و دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان، تاوتوێ کران.‏

لەباره‌ى کێشه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غداش، «نێچیرڤان بارزانى» دوپاتی کرده‌وه‌، که‌ "‏کلیلى ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق، چاره‌سه‌کردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێمى ‏کوردستان و حکومه‌تى فیدرالیى عێراقه‌ و هه‌ردولا ده‌بێ به گفتوگۆ و له‌سه‌ر ‏بنه‌ماى ده‌ستور، ڕێگه‌چاره‌ بۆ نه‌هێشتنى کێشه‌کان بدۆزنه‌وه‌.‏

لاى خۆیه‌وه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لوکسه‌مبۆرگیش، وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ سه‌ختى و ‏گرفتەکانى سه‌رده‌مى شه‌ڕى دژى داعش له‌ هه‌رێمى کوردستان، پشتگیرى ‏وڵاته‌که‌ى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئه‌وروپا بۆ هه‌رێمى کوردستان و بایه‌خدانى وڵاته‌که‌ى به‌ ‏پرسى پێکهاته‌کان و دۆخى ئێزدییان به‌تایبه‌تى دوپاتکرده‌وه‌ و باسى له‌ پلانى ‏خۆى بۆ سه‌ردانى که‌مپه‌کانیان کرد.‏

سەرپەیڤ