مهسرور بارزانی: هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیڵ، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت
«مهسرور بارزانی» سهرۆکی حکومهتی ههرێمی کوردستان لە کاردانەوەیەک دا لەبارەی تۆپبارانەکەی سنوری زاخۆ لە لایەن تورکیاوە ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان، بەردەوام بە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە تێوە گلێندراوە، لە کاتێکدا کە هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیڵ، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «مهسرور بارزانی» سهرۆکی حکومهتی ههرێمی کوردستان لەبارەی تۆپبارانەکەی سنوری زاخۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: تۆپبارانکردنی "سەرەڕۆییانە"ی هاوینەهەوارێکی زاخۆ لە لایەن هێزەکانی تورکیا، کە چەندین کەسی سڤیڵ بە ھۆیەوە بوونە قوربانی، بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکات و جەختیش دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە،دەبێت ئەم هێرشانە بوەستێنرێن.
مهسرور بارزانی ڕۆژی چوارشەممە لە پەیامێکدا باسی لەوەشکرد کە، هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیڵ، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. ئەم جۆرە ڕوداوانە چەندین جارە دوبارە دەبنەوە، بۆیە دەبێت ئەم هێرشانە بوەستێت، ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە هەماهەنگیداین بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەرفراوان.
مهسرور بارزانی لەبارەی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیاش جەختی لەوە کردووەتەوە کە، هەرێمی کوردستان، بەردەوام بە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە تێوە گلێندراوە، کە دیارە ئەمەش زیان و ئازارێکی زۆری بە هاوڵاتیانمان گەیاندوە و دەبێت کۆتایی پێبێت.
پاشنیوهڕۆی دوێنێ چوارشهممه سوپای تورکیا تۆپبارانی سنوری ناوچەی زاخۆی کردکە لەئەنجام دا هەشت کەس کوژران و ٢٦ کەسیش برینداربوون کە ژمارێکیان ژن و منداڵن.