شوبات 15, 2023 23:10 Asia/Tehran
  • «بارزانی» سەردانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی تورکیای کرد

ڕۆژی ڕابردوو «بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە سەردانێکدا گەییشتنە تورکیاو ناوچە کارەساتبارەکانی پارێزگای «غازی عەنتاب»ی بەسەر کردەوە و ڕایگەیاند کە: بۆ دەربڕینی هاوخەمی و بەشکردنی ئازارەکان لەگەڵ گەلی تورکیا سەردانی ئەو ناوچانەی کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، «بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانەی گەشتەکەی بۆ ناوچە کارەساتبارەکانی تورکیا سەردانی ناوەندی قەیرانی کرد کە لە بەڕێوەبەرایەتی «ئافاد» لە «غازی عەنتاب» دامەرێنراوە و زانیاری سەبارەت بە دوایین رەوشی کارەساتەکە و کارەکانی گەڕان و رزگارکردن و بەهاناوەچوون وەرگرت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ دەربڕینی هاوخەمی و بەشکردنی ئەو ئازارانە لەگەڵ گەلی تورکیا سەردانی ناوچەکەی کردووە و داوای لێخۆشبوونی لە خودا بۆ ئەو کەسانە کرد کە لەو بوومەلەرزەیەدا گیانیان لەدەستداوە و شیفای بەپەلەشی بۆ برینداران خواست.

«بارزانی» باسی لەوەش کرد کە تورکیا هەردەم لە رۆژە سەختەکاندا لەپاڵیاندا بووە و پشتیوانیی کردوون، ئەوەشی خستەڕوو کە لە ناخەوە هەست بەو ئازارە دەکەن کە لە تورکیا رووی داوەو لە چەند ناوچەیەک چالاکی و ئاهەنگەکان راگیراون.

باڵاترین کاربەدەستی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە کە، دوا بە دوای بوومەلەرزەکە ئەوەی لە دەستیان هات بۆ پشتیوانی پێشکەشیان کرد و بەردەوامیش دەبن لەسەر هاوکارییەکان.

وتیشی: 'بەو توانا کەمەی لەبەردەستماندایە هەوڵمان دا وەفای خۆمان بۆ گەل و دەوڵەتی تورکیا پێشکەش بکەین. پشتیوان بەخوا ئەم رۆژە ناخۆشانە دەبنە رابردوو و تێدەپەڕن. تورکیا وڵاتێکی گەورەیە و لەو باوەڕەدام کە بە هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر بەسەر ئەم کێشەیەش دا سەردەکەوێت'.

هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە هاوکاربوون لە بەهاناوەچوون و هاوکارییەکان و بەشدارییان لە کارەکانی گەران و رزگارکردندا کردووە.

سەرپەیڤ