له كەركووك دوو حزب بایكۆتی هەڵبژاردنیان ڕاگهیاند
ماڵپەڕی وشە بڵاوی کردەوە دوێنێ حەوتی ئاب، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، دوو حزبی کوردن و بەفەرمی هەڵوێستی خۆیان و بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان راگەیاند.
شوان محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی زەحمەتکێشانی کوردستانە و دەڵێ، ئێمە لە دەستپێکی پرۆسەکەوە زۆر هەوڵمان دا بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی سەر ئایندەی کەرکووک، چ لە ئاستی کۆبوونەوەی حزبەکان و چ لە دەرکردنی بەیاننامە و یاداشتەوە بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستانی عێڕاق.
گوتیشی، لە هەوڵەکانمان سەرکەوتوو نەبووین، کورد لە کەرکووک نەیتوانی یەک لیست دروست بکات ، بەشێک لە حزبەکان بەدوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن، بۆیە یەک لیست سەری نەگرت.
ئەوەشی گوت کە ئێمە لەم کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا رایدەگەیەنین، هەردوو لامان بەشداری هەڵبژاردن ناکەین و بایکۆتی دەکەین، ئەمیش لەپای خەمخۆریمان بۆ ئایندەی کەرکووک، بۆ لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییانەی لە هەڵبژاردنی ئایندەی کەرکووک دێتە پێشەوە، رایدەگەیەنین لەگەڵ هیچ لیستێک و هاوپەیمانیەتییەکدا هیچ رێککەوتنێکمان نییە، ئەم هەڵوێستەشمان بۆ ئەوەیە دەنگی کورد لە کەرکووک نەسووتێ.
دواتریش گوتی، ئەم یاسا هەموارکراوە وا داڕێژراوە لە پەرلەمانی عێراقدا، لە بەرژەوەندیی لیستە گەورەکاندایە، بۆیە ئێمەش زۆر دڵنیاییمان دا دەبێ کورد لەبارەی ئەو مەترسییانەی لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان هەیە، دەبێت هەموو ململانێیەکی حزبی وەلا بنرێت و یەک لیستی لە کەرکووک رابگەیەنن، بەڵام ئەم یەک لیستییە ئەنجام نەدرا، بۆیە ئێمە نابینە هۆی سووتانی هیچ دەنگێک لە کەرکووک، لەبەرئەوە بەشداری هیچ لیستێک و هاوپەیمانیەتییەکمان نەکردووە.