جارێکی دیکە داوا دەکرێت دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێ
جارێکی دیکە لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق نووسراو بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکات بۆ ئەوەی لە نزیکترین دانیشتن دا دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بخاتە بەرنامەی کارەوە.
لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە، خالید حەسەن سامەرائی، سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی کردووە و تێیدا داوای کردووە پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە دەنگدانەوە.
خالید سامەرائیی ئاماژەی بەوەش کردووە، پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە ماوەیەکی درێژە خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە، داوا دەکەین لە نزیک دانیشتنی پەرلەماندا بخرێتە بەر دەنگدانەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیش رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە نێو لیژنەکەیان دەنگی لەسەر دراوە و پەسەند کراوە، ئەمە دووەمین جاریشە لیژنەکەیان نووسراو بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات بۆ دەنگدان بە پڕۆژەکە.
ئەمساڵ ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ڕۆژژمێری عێراقدا بە پشووی فەرمی ڕاگەیەندراوە.