بافڵ تاڵەبانی رێککەوتنی لەگەڵ مەسرور بارزانی ڕاگەیاند
بافڵ تاڵەبانی دوای کۆبونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی لە پیرمام، ڕایگەیاندووە کە لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتون کە خزمەت بە گەلی کوردستان دەکات.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد،" کۆبونەوەکەمان زۆر باش بوو، لەسەر چەند پرسێکی ستراتیژی کە بۆ میللەتەکەمان باشبێت رێککەوتوین، پێشموایە گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن".
بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانجی هەردولا ئەوەیە بەزوترین کات حکومەتێک پێکبهێنرێت بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
هاوکات، مەسرور بارزانیش باسی لەوە کرد،" ئەمە دووەمین جارە کۆبونەوەی باش و ئەرێنی ئەنجام بدەین، بۆ لەیەکتر نزیک بوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی گرنگن بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە".
سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕاشیگەیاند،" لە گفتوگۆکاندا پێشکەوتنی زۆر باش هەبووە و بەهیواین تیمەکانیش بتوانن بگەنە ڕێککەوتنێکی تەواو لەسەر پێکهێنانی حکومەت لە کاتێکی نزیکدا".