ئاب 09, 2018 22:37 Asia/Tehran
  • ھاوسەری مامۆستا عەبدوڕڕەحمانی شەرەفکەندی ناسراو بە ھەژار موکریانی لە تەمەنی ٨٩ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد

خاتوو مەعسومە ئەحمەدی ناسراو بە گەلاوێژ ھاوسەری مامۆستا ھەژار موکریانی شەوی پێنج شەممە لە شاری ھەولێری ھەرێمی کوردستانی عێراق کۆچی دوایی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە داخ و مەخابنێکی زۆرەوە شەوی پێنج شەممە هاوسەری مامۆستا عەبدوڕڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە هەژار موکریانی شاعیر، نوسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد.

بە گوێرەی ئەم ھەواڵە خاتوومەعسومە ئەحمەدی ناسراو بە گەلاوێژ بەهۆی نەخۆشییەوە و لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا،شەوی پێنج شەممە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێری ھەرێمی کوردستانی عێراق کۆچی دوایی کرد.

خاتوو مەعسوومە ئەحمەدی ساڵی ١٩٢٩ لە گوندی نۆباری سەر بە شاری بۆکان لەدایکبووە و دوای هەڵاتن و ئاوارەبوونی هەژار موکریانی لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتیی ئێران ، ئەرکی بەخێوکردنی شێرکۆی کوڕە گەورەی دەکەوێتە ئەستۆی و پاش ماوەیەک ئەویش بە ناچاری و  بە مەبەستی پەیوەست بوون بە ھەژار موکریانیی ھاوسەریەوە کوردستانی ئێران بەجێ دێڵێ و ڕوو لە کوردستانی عێراق دەکات.

خوالێخۆشبوو خاتوو مەعسوومە لە تەواوی ئەو ساڵانەی کە مامۆستا ھەژار گیرۆدەی تفت و تاڵیی ژیانی ئاوارەیی دەبێت ، بۆ ساتێکیش پشتی مێردەکەی بەر نادات و شان بە شانی ئەو زاناو بیرمەندە پایەبەرزەی کورد ڕێگای پڕ لە ھەڵەموتی ژیان دەپێوێ و گیان بە بەر ئەو ڕستە ناودارە جیھانییەدا دەکات کە لە پشتی ھەر پیاوێکی سەرکەوتوو ئافرەتێکی بلیمەت وەستاوە. ئەگەرچی مامۆستا ھەژار وەک دابی ھەموو ھونەرمەند و بیرمەندێکی ناودارە، لە خڕکردنەوەی ماڵ و سامان دا کەسێکی سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام کەسایەتیی بەرزو سەرکەوتووی بەڕێزی ئەمڕۆکە بەو بەرھەمانەی وەرگێڕانی کتێبی قانوونی ئیبنی سینا لە عەرەبیەکی قورسەوە بۆ سەر زمانی فارسی، وەرگێڕانی چوارینەکانی خەیام بۆ سەر زمانی کوردی، دانانی قامووسی ھەنبانە بۆرینە و نووسینی بەسەرھاتی چێشتی مجێورەکەی و دەیان وتاری بەنرخ لوتکەیەکی بڵیندو دیارە لە ئاستی ناوچەکەو بگرە جیھانیش دا. گومان لەوەدانییە کە ئەگەر کەسایەتییەکی وەک خوالێخۆشبوو مەعسوومەخانی ئەحمەدی نەبا ڕەنگە بەستێنی ئەو بیرو خەیاڵە ئەرخەیانە قەت بۆ ھەژار نەڕەخسا با ھەتا پەڕتوکخانەی ئێران و کوردستان پڕ کات لە دەیان بەرھەمی زانستی و ئەدەبی.

بەرهەمی ژیانی هاوبەشی مامۆستا هەژارو مەعسوومەخانی ئەحمەدی  چوار کوڕە بەناوەکانی شێرکۆ، خانی، موستەفا (ئاگری) و زاگرۆس.

بەڕێوەبەرانی ڕادیۆ کوردیی تاران و کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە بۆنەی کۆچی دوایی خاتوو مەعسوومەی ئەحمەدی (گەلاوێژ خان) ئەو پەڕی سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی ئەو خوالێخۆشبووەو بە تایبەت ھاوکاری دێرین و ڕۆح سوک کاک موستەفای شەرەفکەندی(ئاگری) دەکەن و ھیودارین لەم خەمە گەورەیەدا بە ھاوسۆزو ھاوخەممان بزانن.