تشرینی دووه‌م 08, 2018 17:45 Asia/Tehran
  • سەردار سەلامی : دوژمن لە تواناییە موشەکییەکانی ئێران تۆقیوە

جێگری سەرکردەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای پێداگری لە سەر ئەمەی کە: ئەمڕۆ لە بواری موشەکی دا، لە هەر ڕوویەکەوەو بە هەر بارستایی و ئاستێکی دڵخوازەو تەفەڕنجێکی زۆرەوە بە تواناین و دوژمن ئا لەمە تۆقیوە، وتیشی: دەبا لە ئێرانەوە تەواوی ڕێگاکانی زاڵ بوون و پێدزەی دوژمن ببەستین و بارستایی پێکان و لەنێوبردنی تەواوی مەکۆکانی بەرژەوەندیی دوژمن پەرە پێ بدەین و دیارە دوژمنیش لە پەلەقاژەی بێ بەری کردنی ئێمە لە ئاوا دەستەڵاتێکی بەرپەرچ دەرانەیە.

سەردار حسەینی سەلامی جێگری سەرکردەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی ( خەباتکارانی نامۆ)و لە نێۆ کۆڕی بیرمەندانی ئیسلامی لە شارستانی دامغانی سەر بە شارستانی سمنان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، بە دەربڕینی ئەمەی کە ، هەموومان دەزانین کە ئەمڕۆکە زۆرێک لە سەرزەوینە ئیسلامییەکان بوونەتە گۆڕەپانی جیهادی دژی موستەکبیرانی دنیاو ئاڵاکانی جیهاد شەکاونەتەوەو مەشغەڵە ڕوناکایی بەخشەکانی خەبات لە پێناوی بەرەڤانی کردن لە کیانی ئیسلامی، نامووس، پێناسەو جێ و شوێنی موسڵمانان هەڵکراون، وتیشی: لە سەرزەوییە ئیسلامییەکاندا ئەمڕۆکە لاوان  هەنی بەندی جیهادیان بەستووە، زرێی جیهادیان لەبەر کردووە و شمشێریان هەڵکێشاوە هەتا موستەکبیران دەرپەڕێنن و موسڵمانان لەژێر ڕکێفیاندا دەرباز کەن.

جێگری سەرکردەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی جەختیشی کرد: ئەمڕۆکە لە سووریادا سوپای جەماوەریی ئەم وڵاتە بەوپەڕی هێزەوە لە تەنیشتی سوپای فەرمی دا پێک هاتووە و لە گەڵ بەرماوەو بەکرێگیراوانی ئەمریکادا بەشەڕ دێن، لە عێراقیش دا سوپاو خەڵکی ئەم وڵاتە باڵایان کردووەو بەگژ دوژمن دا دەچنەوە.

جێگری سەرکردەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی هەروەها وێڕای ئاماژە کردن بە ڕاگەیاندنی کاربەدەستانی ئەمریکی لەمەڕ دەست پێ بوونی خولی تازەی بایکۆت و گوشارە ئابوورییەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 13ی خەزەڵوەری ئەمساڵەوە، پێی داگرت: لە 13ی خەزەڵوەردا هەمووان شایەتی ئەوە بوون کە چلۆن ئەوانە دەیانویست ناردەی نەوتی ئێران بە ئاستی سیفر بگەیەنن، کەچی دواتر ناچار بوون هەشت وڵات لە کڕینی نەوتی ئێران هەڵاوێرن ، گەرچی ئەو وڵاتانە بۆ خۆشیان هەر پێملی خواستی ئەمریکییەکان نەدەبوون، کەچی ئەوان بۆ ئەوەی پێش بە ئابڕوو چوونی خۆیان بگرن دەستی خۆیانیان خستە پێشەوەو باسی هەڵگرتنی ئەو بەرتەسکیانەیان کرد، ئەمەش وا دەر دەخات کە ئەمریکییەکان ئیدی توانایی کۆنترۆڵ کردنی سیاسیانەی دنیایان نییە و ئاستی دەستەڵاتیان بەرەبەرە دابەزیوە.

جێگای ئاماژەیە داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەکی کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا واژۆ کرا بوو، ڕاگەیاند.قۆناغی یەکەمی ئەم بایکۆتانە لە حەوتی ئوتەوە جێبەجێ کراو قۆناغی دووھەمیش کە داگری بایکۆتی کڕینی نەوت لە ئێرانیشە لە پێنجەمی نوامبەرەوە چووەتە واری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو کارەی ترەمپ لەگەڵ ئیدانەکرانی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەتەوە و زۆرێک لە وڵاتانی جیھان خوازیاری پاراستن و پەرە پێ دانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندان.