کانونی دوھەم 17, 2019 10:07 Asia/Tehran
  • عەراقچی: ترەمپ جێی متمانە نەبوونی ئەمریکای سەلماند

یاریدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی شەوی پێنج شەممە،کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجامی بە نیشانەی جێی متمانە نەبوونی ئەو وڵاتە زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، سەیید عەبباس عەراقچی یاریدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی  بە بۆنەی سێھەمین ساڵگەڕی ڕاپەڕێندرانی بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش ناسراوبە بەرجام  لە تووییتێڕەکەی دا نووسیویەتی: ئەم ڕۆژانە ڕێککەوتن لەگەڵ سێھەمین  ساڵگەڕی ڕاپەڕێندرانی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام کە ئەمەش ئەوەی دەرخست کە ئەمریکا چەندە سستەک و جێگای بڕواو متمانە نییە.

عەراقچی بە دەربڕینی ئەمەی کە سەرۆک کۆمارێکی ئەمریکا بە ناوی باراک ئوباما ئەم ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەی واژۆ کردو سەرۆک کۆمارێکی تر بە ناوی داناڵد ترەمپ لێی پاشگەز بووەوە، بە لاقرتییەوە لە بەر سەلماندنی جێی بڕوا نەبوونی ئەمریکا ستایشی ترەمپی کرد.

بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش ناسراوبە بەرجام ١٤ی ژوئیەی ٢٠١٥ لە نێوان ئێران گرووپی پێنج کۆ یەک بریتی لە وڵاتانی (ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانسا، ئەمریکا و ئەڵمان) واژۆ کراو لە بەرواری ١٦ی ژانویەی ٢٠١٦ چووە واری جێبەجێ کردنەوە. کەچی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری دوای ئوباما ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند.

ئەو کارەی ترەمپ لەگەڵ ئیدانەکرانی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەوە و ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانساو ئەڵمانیاو یەکێتیی ئەورووپا وەک لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بە ڕاشکاوی جەختیان کرد کە لەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە لاگری و پشتیوانی دەکەن.

ھەر لەم پەیوەندییەدا ئێران و ئەورووپا لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە زنجیرە وتووێژێکیان بە مەبەستی پاراستنی ڕێککەوتنی بەرجام دوای کشانەوەی ئەمریکا لەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە دەست پێ کردووە. ئەورووپا لە ڕەوتی ئەم وتووێژانەدا بەڵێنمەند بووە ھەگبەیەکی داکۆکی لە چوارچێوەی بەرجام و بۆ بەرپەرچ دانەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران بخاتە بەر دەستی تاران.