کانونی دوھەم 17, 2019 14:25 Asia/Tehran
  • قاسمی: ڕاگرتنی دەرکرانی ڤیزەی گەشتکاری بۆ شارومەندانی پۆڵۆنیایی پشت ڕاست ناکەینەوە

بەھرامی قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران شەوی پێنج شەممە ھەواڵی میدیاکانی پۆڵۆنیای لەمەڕ ڕاگیرانی دەرکردنی ڤیزەی گەشتکاریی ئێران بۆ شارومەندانی پۆڵۆنیایی پشتڕاست نەکردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، کەناڵی ڕادیۆیی «زێت»ی پۆڵۆنیا ڕۆژی چوارشەممە بانگەشەی کرد بوو کە گوایە ئێران دەرکردنی ڤیزەی گەشتکاری بۆ شارومەندانی پۆڵۆنیایی ڕاگرتووە.

ئەم بانگشەیە لە ھەل و مەرجێکدا دەکرێت کە لەم دواییەدا دوابەدوای بڕیاری وەرشەو بۆ بەرپا کردنی کۆبوونەوەیەکی دژی ئێرانی لە پۆڵۆنیا بە ھاریکاریی ئەمریکا لە مانگی فڤریە، کارداری وەرشەو لە تاران بانگ کرایە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ئەوپەڕی ناڕەزامەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی بەرپاکرانی ئەو دانیشتنەی پێ ڕاگەیەندرا.

مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی ھەینی ١١ی ژانویە باسی بەرنامەی واشێنگتۆن بۆ بەرپا کردنی دانیشتنێکی دژی ئێرانی لە ماوەی ڕۆژانی ١٣و ١٤ی فڤریەی کرد لە وەرشەو.

دیارە ئەم ھەنگاوەش لە درێژەی پەلەقاژە بێ ئەنجامەکانی ئەمریکا لە مانگەکانی ئەم دواییە بۆ داسەپاندنی سیاسەتی ئێران ترسێن کردن ھەڵگیراوە.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەو بڕیارەی واشێنگتۆن لە توییتێکدا نووسی: ئەوانەی وا لە دوایین شانۆی دژی ئێرانیی ئەمریکا بەشدارییان کرد یان مردوون و یان بێ ئابڕوو کراون و یان تەریک خراونەتەوە.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: ئێران لە ئێستادا لە ھەموو کاتێک ھێزمەند ترە.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەدا لە بەر میوانداری کردنی ئەو کۆبوونەوە دژی ئێرانییە ڕەخنەی لە وەرشەو گرت و وتی: دەوڵەتی پۆڵۆنیا ناتوانێ ئەو پەڵە پڕ لە شەرمەزارییەی بسڕێتەوە، لە حاڵێکدا کە ئێرانییەکان لە شەڕی دوھەمی جیھانی دا فریای پۆڵۆنیاییەکان کەوتن و دەربازیان کردن کەچی ئێستا ئەم وڵاتە بووەتە میوانداری پەلەقاژەیەکی گاڵتەجاڕانەی دژی ئێرانی.

مەسعود ئیدریسیی کرماشانی باڵوێزی ئێران لە پۆڵۆنیاش لە دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وڵاتە، وەرشەوی بە بەرپرسی دەرەنجامی ھەرچەشنە تێکچوونێکی پەیوەندییە مێژوویی و سیاسییەکانی نێوان ھەردووک وڵات زانی و داوای لە بەرپرسانی پۆڵۆنیایی کرد کە نەبنە کەرەستەیەک بۆ ڕاپەڕێندرانی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە بەرپا کردنی ئاوا دانیشتنگەلێک.