شوبات 12, 2019 10:25 Asia/Tehran
  • زەریف: گەلی ئێران هەرگیز بەرامبەر بە ئەمریکا سەر دانانوێنی

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە لاپەڕەی تویتەرەکەیدا ڕێز و سپاسی دەربڕی بەرامبەر بە بەشداریی بەشکۆی گەلی ئێران لە ڕێپێوانی یەوموڵلای ٢٢ی ڕێبەندان و ڕایگەیاند بەرامبەر بەو گەلە خۆڕاگرە سەری کڕنوش دادەنوێنێ.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "محەممەد جەواد زەریف" ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ گەلی خۆڕاگری ئێران هەرگیز بەرامبەر بە ئەمریکا سەر دانانوێنی.

ڕێپێوانی چلەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران  دوێنێ (دووشەممە) بە شێوەی هاوکات لە زیاتر لە هەزار شارو ١٠ هەزار گوندی سەرانسەری ئێرانی ئیسلامی بەڕێوە چوو.

خەڵکی سەرانسەری ئێرانی ئیسلامی لە چلەمین ساڵڕۆ ژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی هەروەک رابردوو بە ئامادەبوونی بەربڵاویان لە ڕێپێوانی بەشکۆی ٢٢ی ڕێبەندان، دیسان لەگەڵ ئارمانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی و ڕێبەری مەزنی ئیسلامی پەیمانیان نوێ کردەوە.

ئامادەبوونی ملوێنی و پڕ سۆز و خرۆشی گەلی ئێران لە ڕێپێوانی یەوموڵلای ٢٢ی ڕێبەندان و سەر لە نوێ حەماسە خوڵقاندنیان ، دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لە مێدیاکانی ناوچە و جیهاندا هەبووە.

شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ١١ی فێڤرییەی ١٩٧٩ بە ڕێبەرایەتی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) بناغەدانەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکەوت.

خەڵکی سەرانسەری ئێرانی ئیسلامی هەر بەم بۆنەوە هەموو ساڵێ ٢٢ی ڕێبەندان بە ئامادەبوونی بەربڵاو لە ڕێپێوانی ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، لەگەڵ ئارمانجەکانی بناغەدانەری مەزنی کۆماری ئیسلامیی ئیران و حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی پەیمان نوێ دەکەنەوە.