ئیدانە کردنی جیهانیی پەلامارە تیرۆریستییەکەی سیستان و بەلوچستان
پەلامارە تیرۆریستییەکەی سیستان و بەلوچستان کە بوە هۆی شەهید و بریندار بوونی ژمارێک لە سنوورەوانانی ئێرانی،لە لایەن کۆمەڵگەی جیهانەوەی ئیدانە کرا.
باڵوێزانی ئوتریش و سوید لە تاران، پەلامارە تیرۆریستییەکەی سیستان و بەلوچستانیان ئیدانە کرد.
"شتێفان شوڵتس" باڵیۆزی ئوتریش لە تاران لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا نووسی: دەیان مرۆڤ گیانیان لە پەلامارە تیرۆریستییەکەی سیستان و بەلوچستان لە دەست دا، هەر چەشنە کردەوەیەکی تیرۆریستی دەبێ ئیدانە بکرێ.
باڵوێزی ئوتریش لە تاران لە لایەن وڵاتەکەیەوە سەرەخۆشی کرد لە بنەماڵە و کەس و کاری قوربانیانی پەلامارە تیرۆریستییەکەی سیستان و بەلوچستان و هیوای خواست بریندارانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە خێراتر ساغ و تەندرووست ببنەوە.
"هێلێنا سانگلەند" Helena Sangland باڵوێزی سوید لە ئێرانیش لە تویتەرەکەیدا نووسی: بۆمب نانەوەی خۆکوژانە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ئەوەی سەلماند کە هیچ وڵاتێک لە توندەوی و توند و تیژی لە ئەماندا نییە.
ڕێبەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانیی ئێراقیش پەلامارە تیرۆریستییەکەی شاری زاهیدان هەڵکەوتوو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانی بە توندی ئیدانە کرد و جەختیشی کرد لە سەر پێویستیی هاوکاری و یەکگرتنەوەی هەموو وڵاتانی ناوچە بۆ بنەبڕ کردنی تیرۆریزم.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی پاکستان پەلامارە تیرۆریستییەکەی سیستان و بەلوچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانی ئیدانە کرد.
"محەممەد فەیسەڵ" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان شەوی ڕابردوو لەگەڵ بنەماڵە و کەس و کاری قوربانیانی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە هاوخەمی دەربڕی.
ناوبراو وتی پاکستان هەرچەشنە کردەوەیەکی تیرۆریستی ئیدانە و شەرمەزار دەکات.
حیزبوڵلای لوبنانیش سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا پەلامارە تیرۆریستییەکەی سیستان و بەلوچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانی ئیدانە کرد و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ ئەمریکا، ئیسراییل و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی لە پشتی پەردەی ئەم جەنایەتە تۆقێنەرەدان.
حیزبوڵڵای لوبنان ڕاشکاوانە ڕایگەیاند ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی ئەمریکا، ئیسراییل و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە بناغەیان داناوە دەستیان هەبووە لەو جەنایەتەدا.
شەوی پێنجشەممە پاسی هەڵگری سنوورەوانانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جادەی "خاش _ زاهیدان" لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، وەبەر پەلامارێکی تیرۆریستی کەوت . بنکەی قودسی هێزی زەوینی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران شەوی ڕابردوو لە ئاگادارینامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە پەلامارە تیرۆریستییەکەی پارێزگای سیستان و بەلوچستاندا ٢٧ سنوورەوانی ئێرانی شەهید و ١٣ کەسیشیان بریندار بوون.
گرووپی تیرۆریستتیی جەیشولزوڵم شەوی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسایەتیی ئەو پەلامارە تیرۆریستییەی گرتە ئەستۆ. ئەم گرووپە تیرۆریستییە تا ئێستا بەرپرسایەتیی چەندین کوشتن و جەنایەت و تیرۆری لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لەوان شەهید کردنی ٩ سنوورەوانی ئێرانی لە ناوچەی "میرجاوە" لە ٢٦ی ئاپریلی ٢٠١٧ وە ئەستۆ گرتووە.
پارێزگاری سیستان و بەلوچستان، هەڵکەوتوو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، شەوی پێنجشەممە بە ئیدانە کردنی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە، لە ئەمڕۆ (پێنجشەممە)ـەوە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند.