تشرینی یه‌که‌م 08, 2019 18:33 Asia/Tehran
  • حکوومەتی هەرێم دەروازە نافەرمییەکان لەگەڵ ئێران بە فەرمی دەکا

هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی فەرمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە و هاوکات چەند دەروازەیەکی نافەرمیش هەن، بەڵام وەزیری پلاندانان دەڵێ، بۆ فراوانکردنی پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، دەروازەکان فراوانتر دەکرێن و ئەوانەی نا فەرمین بە فەرمییان دەکەین.

ئەمڕۆ سێشەمه هەشتی تشرینی یەکەم، دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران تاوتوێ کرد.

لە بەیاننامەیەکەدا کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی  "وشە" کەوتووە، وەزیری پلاندانان لەگەڵ دکتۆر ئەنساری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاندانی کۆمپانیا ئێرانیەکان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، کارنامەی حکوومەتی هەرێمی بۆ شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی روونکردەوە، ئاماژەی بە ئەنجامدانی پرۆژە و پێدانی تەندەر کرد لەسەر بەرزی کوالێت و ئاست و دڵنیایی جۆری کۆمپانیاکان.

وەزیری پلاندانان دەڵێ، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی بۆ هەرێمی کوردستان لەهەموو روویەکەوە گرنگە، ئەویش بەهۆی نزیکی سنوور و تێکەڵاوی فەرهەنگ و کولتوور و لایەنە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان.

بەگوێرەی بەیاننامەکە بێت، هەردوولا تاوتوێی فراوانکردنی دەروازە سنوورییەکان و رێکخستنی مامەڵەی بانکی و هاتوچۆ و ترانزێتی بازرگان و هاووڵاتیان لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کرد، وەزیری پلاندانان گوتی "لە هەوڵداین لەگەڵ حکوومەتی عێراق کاری دەروازە سنووریەکان فراوانتر بکەین و ئەوانەی نا فەرمین، بە فەرمیان بکەین".

لە بەشێکی تر کۆبوونەوەکەدا، باس لە لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کۆمپانیا ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان کراوە، هەردوولا کۆک بوون کە ئەو کێشەیە بەیەکەوە چارەسەر بکەن.