کانونی یه‌که‌م 12, 2019 10:39 Asia/Tehran
  • یەکلابوونەوەی کاتی دیداری حەسەن ڕۆحانی و ئابە شینزۆ

رۆژنامەیەکی ژاپۆنی ڕایگەیاند، کاتی دیداری سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەو سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆکیۆ یەکلابووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، رۆژنامەی ژاپۆنیی "جێپەن تایمز" رۆژی پێنج شەممە بەگێڕانەوە لە ژمارێک سەرچاوەی نزیک لە حکومەتی ژاپۆن ڕایگەیاند، دیداری "ئابە شینزۆ"، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لەگەڵ "حەسەن رۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆکیۆ بۆ رۆژی بیستی دیسەمبەر(٢٩ی سەرماوەز) یەکلاکراوەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە، سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش بەشداربوون لە کۆبوونەوەیەک لە "کوالالامپور"ی پایتەختی مالزیا ئێوارەی رۆژی ١٩ی دیسەمبەر (٢٨ی سەرماوەز) دەگاتە تۆکیۆ هەتا لە یەکەم سەردانی بۆ ژاپۆن و بەمانەوەیەکی سێ رۆژە لەو شارە ، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە پرسی ئاسایشی ناوچەو جیهان وهەروەها بابەتە دووقۆڵییەکان وتووێژ بکات.

سەرەتای مانگی دیسەمبەر، "سەید عەبباس عێراقچی" جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەو نێردەی تایبەتی ئێران لە تۆکیۆ لەدیدار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، هەواڵی سەردانی بەزوویی رۆحانی بۆ تۆکیۆی ڕاگەیاندبوو.

سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، ١٢ی ژۆئەنی ڕابردوو بەمەبەستی کەمکردنی کێشەو ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمریکا سەردانی تارانی کرد.

ئابە شینزۆ لەو سەفەرەدا چاوی کەوت بە سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی.

چوونەدەری ئەمریکا لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام) و ئامادەبوونی سەربازیی ئەو وڵاتە لەناوچەی رۆژاوای ئاسیا هۆکاری سەرەکیی تەشەنای کێشەی نێوان ئێران و ئەمریکایە.