تشرینی دووه‌م 13, 2017 11:29 Asia/Tehran
  • دوا هەواڵەکانی بوومەلەرزە لە عێراق دا

مەکۆی تۆمارکردنی بوومەلەرزە لە عێراق دا ڕایگەیاند: ناوەندی بوومەلەرزەکەی شەوی دووشەممە لە بیست کیلومەتریی شاری خانەقین لە پارێزگای دیالەی ڕۆژهەڵاتی عێراق و دووسەد کیلومەتریی بەغدای پێتەختی ئەم وڵاتە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، مەکۆی تۆمارکردنی بوومەلەرزە لە عێراق دا وای بڵاو کردووەتەوە کە بە تێکڕایی ماوەی بوومەلەرزە زیاتر لە حەوت ڕیختەرییەکە لە عێراق دا چوار خولەک بووە کە بەشی بەغدا لەم ماوەیە 39 چرکە بووەو زیاترین زیانیش لە ئاواییەکانی سێ شاری سلێمانی و هەڵەبجەو خانەقین کەوتووە.

وەک باسی دەکرێت لە بڕێک لە ناوچەکانی موسڵ و سلێمانی تەوژمی بوومەلەرزەکە چوار ڕیختەر بووەو کارناسان لە بارەی پاش لەرزەکانیشەوە وشدارییان داوە.

هەر لەم حاڵەدا پارێزگاریی سلێمانی لە بەر ئەو زیانەی کە لەم پارێزگایە کەوتووە، ڕۆژی دوو شەممەی لە سلێمانی و هەڵەبجەدا کرد بە پشوو و پێی داگرت کە پشووەکە پێکهاتە ئاسایشتی و ناوەندەکانی تەندروستی و داوودەرمان ناگرێتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقیش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک تەواوی دامەزراوەکانی ئەم ناوچەیەی بردە حاڵەتی ئامادەباشیەوەو داوای لە کارگێڕانی نەخۆشخانەو دەرمانگەکان کرد  بۆ یارمەتی دانی برینداران و لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە بگەڕێنەوە بۆ شوێنی ئیش و کارەکەیان.

بە پێی دوازانیارییە بڵاوکراوەکان لە لایەن کاربەدەستانی عێراقییەوە، بوومەلەرزەکەی شەوی دووشەممە لە عێراق دا هەتاکوو ئێستا لانیکەم شەش کوژراوو 150 برینداری لێ کەوتووەتەوە.

سەرپەیڤ