May 16, 2018 17:51 Asia/Tehran
  • حەیدەر عەبادی : ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان یارمەتیی دەدا بە گەڕانەوەی هێمنی بۆ کەرکوک

سەرۆک وەزیرانی عێراق گەڕانەوەی هێمنی بۆ کەرکوکی بەستەوە بە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی ئەو پارێزگایە و هەڵس و کەوتی دادگەرانەی لێژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان لەگەڵ سکاڵا ئاراستەکراوەکان .

بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم بە گێڕانەوە لە کەناڵی ڕووداو ، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی چوارشەممە لە کاردانەوە بەرامبەر بە بشێوییەکانی کەرکوک دوای ڕاگەیاندنی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و خۆپیشاندانی بەردەوام لەم پارێزگایەدا، وتی: چارەسەریی گرفتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە کەرکوک لە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی ئەم پارێزگایەیە.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی: کۆمەڵێک لە نوێنەرانی پارێزگای کەرکوک و پارێزگاکانی دیکەی عێراق خوازیاری ئەوەن کە سندوقەکان و دەزگاکانی تۆمارکردنی زیرەکی دەنگەکان لێکدانەوەیان بۆ بکرێت و لێژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێ بەپەلە ئەم کارە ئەنجام بدەن و بە ئامادە بوونی چاودێرانی کۆتلە سیاسییە جۆربەجۆرو ناڕازییەکان، پرسەکە تاوتوێ بکات و هەنگاوێکی دادگەرانە لە ئاراستەی لێکدانەوەی سکاڵاکانی هەڵبژاردن هەڵگرێت.

هەواڵێکی دیکە ئەمەیە کە، کامل زەیدی ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالکی لە پەرلەمانی عێراق، باسی ڕێککەوتنی بەرایی لەگەڵ هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی گەورەترو دانوستان لەگەڵ لایەنە کوردوسوننەکانی کردووە بۆ پەیوەست بوون بە هاوپەیمانییەکەیان.

کامل زەیدی ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا  هەروەها دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق و هاوپەیمانیی لە پێناوی دیموکراسی و دادپەروەری بە سەرۆکایەتیی بەرهەم ساڵح و لایەنە سیاسییەکانی سوننە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی زۆرینەی سیاسیی نیشتیمانی پشتڕاست کردەوە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق ڕۆژی شەممە 12ی مای بە بەشداریی نزیکەی 11 ملوێن عێراقی و بە ئاستی بەشداریی پتر لە سەدی چل و چواری خەڵک بەڕێوە برا. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق دا 320 پارت و هاوپەیمانی و پێڕستی هەڵبژاردن پێکەوە ململانێیان کردووە.

سەرپەیڤ