شوبات 16, 2019 13:50 Asia/Tehran
  • ئەنجوومەنی باڵای مافی مرۆڤی ئێراق : نزیکەی 12 هەزار ئێراقی بە بۆردومانی هاوپەیمانان بونە قوربانی

ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای عێراق ئاشکرایکرد، بەهۆی شەڕی داعشەوە تەنها لە ماوەی چوار ساڵی رابردودا نزیکەی 20 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە عێراق و سوریا بونەتە قوربانی.

 

بە پێی راپۆرتی میدیاکانی هەرێم ، عەلی کەریم بەیاتی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لە ماوەی چوار ساڵی رابردودا بەهۆی شەڕی داعشەوە نزیکەی 20 هەزار هاوڵاتی لە عێراق و سوریا بونەتە قوربانی.بەیاتی وێڕای دەربرینی پێزانین بۆ هاوپەیمانان و ئەو لایەنانەی کە یارمەتی عێراقیان داوە لە تێکشکاندنی داعشدا، هاوکات داتا و زانیاری ئەو هاوڵاتیانەشی بڵاوکردەوە کە بەهۆی هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانانەوە بونەتە قوربانی.بەیاتی ئاشکرایکردووە، بەهۆی هێرشی هاوپەیمانانەوە نزیکەی 11 هەزار و 800 هەزار هاوڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانی و لە نێوانیاندا دوو هەزار و 300 کەسیان منداڵن و هەزار و 1130 کەسی دیکەشیان ژنن، هاوکات هەشت هەزار کەسیش برینداربون. 

ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای مافی مرۆڤ رەخنەی توندی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گرتوە و رایگەیاندوە، کە داتاو زانیارییەکانیان لەبارەی قوربانیانی مەدەنی عێراقەوە راست نیە و ئەو ژمارەی زۆری قوربانی پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە داوای پاراستنی هاوڵاتی مەدەنی دەکات لەکاتی جەنگ و پێکدادانەکاندا.

ئەنجومەنی باڵای مافی مرۆڤ داوا لە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات لیژنەیەک لە حکومەت و ئەنجومەن پێکبهێنێت بۆ ئاشکراکردنی ژمارەی راست و دروستی قوربانیان.

عەلی کەریم بەیاتی هاوکات وتیشی، پێویستە حکومەت بەپێی رێککەوتننامەی ژنێف داوای قەرەبوی هاوڵاتیان لەو حکومەت و لایەنانە بکاتەوە کە بونەتە هۆی ئەو ژمارە زۆری قوربانی لەعێراقدا.