ئادار 24, 2020 19:13 Asia/Tehran
  • جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: زورفی ھیچ وتووێژێکی فەرمیانەی لەگەڵ کوردەکاندا ئەنجام نەداوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە ھێشتا ھیچ وتووێژێکی فەرمی لەنێوان سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی دەوڵەتی تازەی عێراق ئەنجامی نەگرتووە.

بەشیر حەداد لە ئەندامانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە، کە کوردو سوننەی عێراق چاوەڕوانی ھەڵوێستێکی یەکگرتووی پارت و ڕێبەرانی شێعەی وڵاتن لە بارەی عەدنان زورفی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی دەوڵەتی تازەی عێراق و ھەر لە بەر ئەمەش ھەتا ئەم کاتە ھیچ وتووێژێکی فەرمییان لەگەڵ زورفی دا ئەنجام نەداوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتیشی: دوای ڕوون بوونەوەی ھەڵوێستی ھاوبەشی شێعەکان ، سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان و سوننەکانیش وتووێژی فەرمیی خۆیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی دەوڵەتی تازەی عێراق دەست پێ دەکەن.

زورفی پێشتر وێڕای پێداگرتن لە سەر گرینگایەتی و پێویستیی ئامادە بوون و بەشداریی تەواوی پارت و کۆتلە جۆربەجۆرەکانی عێراق لە دەوڵەت دا ڕایگەیاند بوو کە وتووێژ لە بارەی پێکھاتنی دەوڵەتی لەگەڵ لایەنە جۆربەجۆرەکاندا دەست پێ کردووە.

ناوبراو دوای ڕاسپێردرانی بۆ پێکھێنانی دەوڵەتی تازە جەختی کرد: چارەسەریی کێشەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و داکۆکی لە ھێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە ھێزی سەربازیی عێراق لەو بەرنامە لەپێشترانەی دەوڵەتەکەی دەبێت.

بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی سێ شەممەی ١٧ی مارس لە کۆشکی سەلامی شاری بەغدا ، «عەدنان زورفی» پارێزگاری پێشووی نەجەفی پیرۆزو سەرۆکی ئێستای فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی نەسر لە پەرلەمانی بۆ پێکھێنانی دەوڵەتی فیدراڵی تازەی ڕاسپاردو ناوبراو مانگێک دەرفەتی ھەیە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکەی.