ئادار 29, 2020 20:13 Asia/Tehran
  • ساڵەهاتی لە دایک بوونی ئیمام زەینولعابدین (ع)

لە مانگی شەعبان، شاری مەدینە بە شکۆفانەوەی گوڵێکی دیکە لە گوڵستانی ئیمامەت، تیشک باران کرا و باخی بۆن خۆشی عەلەوی، تەژی لە تاسە و سۆز و خۆشەویستی بوو. ماڵە چکۆلە بەڵام پڕعەشقەکەی ئیمام حسێن (د.خ) بە تیشکی منداڵێک ڕوون بوویەوە کە گەورەیی لە ڕواڵەتیدا دیار بوو.

ئیمام زەینولعابدین (ع)، لە ڕۆژی پێنجەمی شەعبانی ساڵی 38ی کۆچی لە شاری مەدینە، لە باوکێکی بەڕێزی وەکوو حەزرەتی ئەباعەبدالله الحسین (ع) و دایکێکی داوێن پاک بە ناوی شەهربانوو، هاتە سەر ئەم دونیایە. هەر لە بەر ئەو دایک و باوکە بەڕێزە، نێوبانگی «ابن الخیرتین»یان دایە ئەو حەزرەتە.

ئیمام سەجاد (ع)پاش شەهید بوونی باوکی بەڕێزی لە کارەساتی کەربەلا، ڕۆڵ و دەورێکی گرینگی گێڕا. ئەو حەزرەتە تا 34 ساڵ پاش ئەو کارەساتە زیندوو ما و لەو ماوەیەشدا، بە وەئەستۆ گرتنی ڕێبەرایەتی ئوممەتی ئیسلام، بە شێوازی جۆربەجۆر بەرەنگاری هێماکانی زوڵم و ستەم و نەزانی بوویەوە.

حەزرەتی عەلی کوڕی حسێن (ع)، نێوبانگی جۆراوجۆری بووە کە بەناوبانگترینیان "سەجاد"ە. ئیمام باقر (ع) فەرموویەتی: "باوکم حەزرەتی سەجاد، باسی هیچ نیعمەتێکی خودای نەکرد، مەگەر بە سوژدە نەبێت.هەر ئازارێکیشی کە پێ دەگەیشت، هەر سوژدەی بۆ خودا دەکرد، هەر بۆیە باوکمیان بە سەجاد ناودێر کرد."

ئیمام زەینولعابدین، زۆر لە باپیری بەڕێزی واتە حەزرەتی عەلی (ع) دەچوو و لە عیبادەت و خودا پەرەستیشدا هەر وەکوو باپیری، هەموو شەوێک قورئانی زۆری دەخوێند. خوانی نانی بۆ خەڵك هەمیشە ڕاخرابوو و هەژاران و لێقەوماوان بەردەوام دەهاتنە ماڵی و لە سەر ئەو خوانە خۆیان تێر دەکرد. نزیک بە 300 بنەماڵەی دەسکورتی نان و ئاو دەدا لە حاڵێکدا ئەوان نەیاندەزانی ئەو کەسەی وا خواردنیان پێ دەدات کێیە .بە ڕۆژدا ڕۆژووی دەگرت و ئێواران بە نانی جۆ، بەربانگی دەکردەوە.

ئیمام سەجاد (ع) گرینگایەتی زۆری بە عیبادەت و نزا و پاڕانەوە دەدا کە گرینگترین کاریگەری کۆمەڵایەتی ئەم بابەتەش لە وەدی هێنانی پەیوەندی خەڵک لەگەڵ خودا بوو لە ڕێگای دۆعا و پاڕانەوە.سەرجەم دۆعاکانی ئیمام سەجاد (ع) لە کتێبێکدا بەناوی "سەحیفەی سەجادیە" کۆ کراوەتەوە کە پاش قورئانی پیرۆز و نەهجولبەلاغە، بە گەورەترین و گرینگترین خەزێنەی پڕبایەخی راستی و زانیارەکانی ئیلاهی ئەژمێردرێت.

سەحیفەی سەجادیە، کە وەکوو زەبووری ئالی محەمەدیش ناسراوە، بەرهەمێکی بێ وێنەیە لە جیهانی ئیسلامدا، بەردەوام لەلایان گەورەکان و زانایانەوە سەرەنجی زۆری پێ دراوە.

ڕادیۆتەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتنی ساڵڕۆژی لەدایک بوونی پیرۆزی حەزرەتی ئیمام زەینولعابدین (ع) لە هەموو ئازادیخوازانی جیهان پیرۆزبایی دەکات.

سەرپەیڤ