تشرینی یه‌که‌م 05, 2018 09:00 Asia/Tehran
  • مێدیاکانی تورکیا: ئەمریکا داکۆکی دەکات لە بەرهەم هاتنی مادەی هۆشبەر لە لایەن پەکەکەوە

ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکیا لە قاوی دا: ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستانی ئەم وڵاتە (پەکەکە) بەشێکی زۆر لە زەوی و زاری ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە باکووری سووریا تەرخان داوە بە چاندنی هەموو چەشنە گژ و گیای تایبەت بە بەرهەم هێنانی مادەی هۆشبەر و هێزە ئەمریکاییەکانیش پاسەوانی ئەو زەوی و زارە دەکەن.

ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە نووسی: بەشێکی زۆر لە زەوی و زاری باکووری سووریا لە ڕۆژهەڵاتی فورات کە لە لایەن هێزەکانی پەکەکەوە دەستی بە سەردا گیراوە ،گیای وەک خەشخاش و ماریجوانای تێدا چاندراوە و زۆربەی ئەو زەوی و زارەیش لە نزیکی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکادا هەڵکەوتوون.

ئەم مێدیایەی سەر بە پارتی دەسەڵاتداری تورکیا لە ڕاپۆرتی خۆیدا لە وتووێژ لەگەڵ خاوەنانی پێشووی ئەو زەوی و زارانەی ژێردەستی پەکەکە لە حەسەکە، ڕەقە و دەیروزور نووسی: ١٢٠هەزار دۆنم لە زەوی و زاری کشت و کاڵی ڕەقە بە زۆرەملی و هەڕەشە و گوڕەشە لە لایەن پەکەکەوە بە داکۆکی ئەمریکا داگیر کراوە و تەرخان دراوە بە بەرهەم هێنان، بەخێوە کردن و بڵاو کردنەوە و هاندان بۆ بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر.

"ئەنوەر ڕووشدی" یەکێک لە خاوەنانی پێشووی چەندین دۆنم زەوی و زاری کشت و کاڵ لە شاری ڕەقە بە هەواڵنێری یەنی شەفەقی وت: زۆرێک لە زەوی و زارەکانی ئێمە پێش دەسپێبوونی شەڕی ناوخۆیی و تەشەنە سەندنی بۆ ناوچەکەی ئێمە، ئەمڕۆکە بوونەتە مەزرای چاندنی خەشخاش و ماریجوانا و هێزە کوردەکانی نەیاری دەوڵەتی سووریایش لەو ناوچە کشت و کاڵییانەدا بنکەگەلی چاوەدێری و کۆنترۆڵیان داناوە.

ڕۆژنامەی یەنی ئاکیت یەکێکی دیکە لە مێدیاکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیایش نووسی: پرۆسەی چاندن، پێڕاگەیشتن، هەڵگرتن، بەرهەم هێنان و هەناردە کردنی مادەی هۆشبەر لە لایەن پەکەکەوە لە باکووری سووریا بە تەواوەتی بە داکۆکیی ، هاوڕێیەتی و چاوەدێریی ئەمریکاییەکان جێبەجێ دەکرێ و قازانجی یەکجار زۆر  و لە هەژمار نەهاتووی مادەی هۆشبەر تەرخان دەدرێ بە خەرج و بەرجی هێزە سەربازییە ئەمریکاییەکان و کردەوە تێکدەرانەکانی پەکەکە.

سەرپەیڤ