کانونی دوھەم 12, 2019 14:02 Asia/Tehran
  • میقداد :حکومەتی سوریا گەشبینە بە دانوستان لە گەڵ کورد

فەیسەڵ میقداد جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی دانوستان لە گەڵ گروپە کوردەکانی سوریا بە نێوبژێوانیی روسیا ، لە ئاستی ئەنجامی ئەم وتووێژانە گەشبینیی نیشاندا بە ئەنجامی وتووێژەکان .

بەپێی راپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە رۆیتێرز ، فەیسەڵ میقداد جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا گەشبینی نیشاندا بە ئەنجامی وتووێژێ نێوان حکومەتی ناوەندی و گروپە کوردەکان و باسی پێشکەوتنی دانوستانی دوو لایەنی کرد بە نێوبژیکاری روسیا .

 دوای راگەیاندنی بڕیاری دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەمەڕ کشاندنەوەی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە باکووری سوریا ، کوردەکان هەوڵیاندا دانوستانی خۆیان لە گەڵ حکومەتی ناوەندیی سوریا دەست پێ بکەنەوە و داوایان کرد هێزەکانی ئەرتەشی سوریا بۆ رێگرتن لە پەلاماری ئەگەریی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی باکوری سوریا یان بۆ بەرگریی لە بەرامبەر ئەم پەلامارە بۆ ئەم ناوچانە نێردران .

میقداد لە وڵامی پرسیاری پەیامنێران گوتی : من لام وایە ئێمە دەبێ هەمیشە گەشبین بین . ئەزموونی رابردوو هێندە دڵخۆشیکەر نەبوو بەڵام  ئێستا خەریکن بە ئەنجام دەگەن .

 ئەو جەختی کردەوە لەسەر لێدوانی ئەم دواییانەی گروپە کوردیەکان لەمەڕ ئەوەی کە ئەوان بەشێک لە وڵات و گەلی سوریان و وتیشی : لەمڕووەوە من هەمیشە گەشبینم ئێمە ئەم گروپە سیاسیانەمان هاندا کە لە وتووێژەکاندا ڕاست بن و ئەوەش لەبەرچاو بگرن کە بەدیلێک بۆ ئەوان نیە .