ته‌مووز 12, 2019 13:20 Asia/Tehran
  • سووریا، تورکیا بە دزینی ئاسەوارە کەوناراییە چەندھەزار ساڵەکەی تۆمەتبار دەکات

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەی مۆزەخانەو ئاسەوارە کەوناراییەکانی سووریا، تورکیای بە دزینی ئاسەوارە کەوناراییە چەندھەزار ساڵەکەی تۆمەتبار کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی ئیرنا، ڕێکخراوەی مۆزەخانەو ئاسەوارە کەوناراییەکانی سووریا ڕۆژی پێنج شەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان لە ناوچەی عەفرینی گردوپەڕی حەڵەب کە لەژێر ڕکێفی ھێزەکانی تورکیاو تیرۆریستانی ھاوپەیمانی دایە، ئاسەوارە کەوناراییەکانی ئەم ناوچەیە کە مێژینەیەکی ھەزاران ساڵەیان ھەیە، دزراون.

ئەم ڕێکخراوە سوورییە وێڕای داخوازیی یارمەتی لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بۆ پێشگرتن بە دەست درێژیی تورکیا بۆ سەر ئاسەوارە کەونارییەکانی سووریا لە گردوپەڕی شاری حەڵەب، ڕاشیگەیاند: ئەو کون و کەلەبەرانەی کە بە ھۆی شۆفەڵەوە بەدی ھاتوون بووەتە ھۆی لەنێو چوونی بینای دێرووک و شارستانیەتی خەڵکی سووریاو ئەو ئاسەوارانەی کە مێژینەیان بۆ ھەزارەی یەکەمی بەرلەزایین دەگەڕێتەوە.

«مەحمود حەموود» بەڕێوەبەری ڕێکخراوەی کەلەپووری ڕۆشنبیریی سووریاش وتوویەتی: بۆ ئاگادار کردنەوەی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە بارەی ڕادەی کاولکردنی کەلەپووری کەونارایی سووریا لە پەیوەندی دایە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ھێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بووەتە ھۆی کاول بوونی بینای پەرستگەی «عەین دارە»و پەیکەرە ھەرە دەگمەنەکانی.

سوپای تورکیا لە بیستی ژانویەی ٢٠١٨ەوە بە ھاریکاریی تاقمە تیرۆریستییەکان لەوانە سوپای بەناو ئازادی سووریا ھێرشێکی لە قەواخی خۆی وتەنی چڵەزەیتون دژی جەماوەری شاری عەفرینی باکووری سووریا دەست پێکرد. دەوڵەتی ئانکارا بەرلەمەش ھێرشێکی بە ناوی قەڵغاتی فۆراتەوە لە باکووری سووریا ئەنجام دابوو.

دیمەشق گەلێک جار لە ئۆپراسیۆن و ئامادە بوونی نایاسایی لەشکریانی تورکیا لە خاکی سووریادا ڕەخنەی گرتووە.

کاربەدەستانی تورکیا لەوباوەڕەدان کە پارتەکوردییەکان لەوانە پارتی یەکێتیی دیموکراتی سووریا بە پشتگریی ھێندێک لە وڵاتانی بیانی لەوانە ئەمریکاو پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا بە نیازی پێکھێنانی وڵات و یان ھەرێمێکی سەربەخۆی کوردنشینە لە باکووری سووریاو باشووری سنوورەکانی تورکیا. ھەر بۆیە بە بیانووی خەباتی دژی ئەم  پارتانە ھێرشی کردووەتە سەر سووریاو سنوورەکانی ئەو وڵاتەی بەزاندووە. کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و گەلێک لە دەوڵەتانی بێ لایەنیش ھەتا ئێستا گەلێک جار ئامادە بوونی سەربازیی تورکیا لە خاکی سووریایان شەرمەزار کردووەو داوای کۆتایی ھاتنی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لەنێو خاکی سووریادا دەکەن.

سەرپەیڤ