تشرینی دووه‌م 29, 2019 11:22 Asia/Tehran
  • خرانەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لەلایەن سوپای سووریاەوە

میدیا فەرمییەکانی سووریا شەوی ھەینی وایان بڵاو کردەوە کە سوپای ئەم وڵاتە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سەربە سوپای تورکیایان لە گردوپەڕی قامیشلی لە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا خستووەتە خوارەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا«سانا» نووسی: ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەی سوپای تورکیا لە گوندی «حامۆ» لە نزیک شاری قامیشلی لە پارێزگای حەسەکەی باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا خراوەتە خوارەوە.

ناوەندی ھەواڵدەریی «سانا» ھەروەھا بەگێڕانەوە لە سوپای سووریا وای بڵاو کردووەتەوە کە لەشکریانی سووری، ھێرشی ھێزەکانی تورکیاو تاقمە چەکدارەکانی سەربەو وڵاتەیان لە گوندی « تەل لەبەن» لەگردوپەڕی ناوچەی «تەل تەمەر»ی سەربە پارێزگای حەسەکە بەرپەرچ داوەتەوە.

دەست درێژکاریی سوپای تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا بەناوی «کانیی ئاشتی» لە ڕۆژی چوارشەممە نۆھەمی ئۆکتۆبەرو لە ئەنجامی سەرشۆڕکردنی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھەمبەر پێداگرییەکانی دەوڵەتی دادوگەشەی ئانکاراو بە بیانووی خۆی وتەنی خەباتی دژی تیرۆریزم و پاکتاوکردنی سنوورەکانی نێوان سووریاو تورکیا لە شەڕڤانانی کورد دەستی پێ کرا. لەپاش ئەو شاڵاوانەی سوپای تورکیا ھێزەکانی سوریای دیموکرات داوایان لە دەوڵەتی وڵاتەکەیان کرد کە کۆنترۆڵی ناوچەکانی باکووری سووریا بگرێت بە دەستەوە.

ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا لەگەڵ ئیدانە کرانی بەربڵاوی نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەتەوە. کاربەدەستانی سووریا  لە سەر پارێزرانی سەروەری و دەستەڵاتی سووریا و ھەروەھا لێبڕان بۆ بەرپەرچ دانەوەی دەست درێژکارییەکانی تورکیا جەختیان کردووە. سوپای تورکیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو چەندین جار سنووری سووریای بەزاندووە.

«بەشار ئەسەد » سەرۆک کۆماری سووریا ماوەیەک لەمەوپێش جەختی کرد، سوپای سووریا ئەگەر بە پێویستی بزانێت بۆ دەرپەڕاندنی داگیرکەران زەخت و زۆر بەکار دێنێ.

 

سەرپەیڤ