کانونی یه‌که‌م 01, 2019 07:36 Asia/Tehran
  • مەزڵوم کۆبانێ: جگە لە تورکیا، رێککەوتنمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان هەیە

فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند: تورکیا بەردەوامە لەسەر پێشێلکردنی سەرجەم رێککەوتنەکانی ئاگربەست و بەبەردەوامیی هێرش دەکاتە سەر باکووری سووریا.

به پیی راپورتی ماڵپەڕی «سبەی»،مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە رایگەیاند: هەردو شارۆچکەی تەلتەمر و عەین عیسا تائێستا لە ژێردەستی شەڕڤاناندایەو لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەدا دەمێننەوە.سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی فوراتیش رایگەیاند: دۆخەکە ئەوەندە ئاڵۆز نییە، هەسەدە رێککەوتنی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان هەیە جگە لە تورکیا، ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدا دەمێنێتەوە.

ناوبراو وتیشی:" بەپێی رێککەوتن و نەخشەی سەربازی، سوپای  سوریا دەچنە ناوچەی باب تا روباری دیجلە و بە درێژایی سنورەکانی تورکیا، بۆ ئەوەی ببێنە جیاکەرەوەیەک لەنێوان شەڕڤانان و هێزەکانی تورکیا و گروپە توندڕەوەکان لەلایەکی دیکە، لە کۆبانێ و مەنبەج و جزیرەش، گەڕانی هاوبەشی روسیا بەهەماهەنگیی هێزەکانی ناوخۆی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر ئەنجام دەدرێت، لەبەرامبەردا هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی قامیشلۆ تا دێرک و رۆژئاوای قامیشلۆ تا حەسەکە و درێرەزور بڵاوبونەتەوە.سەبارەت بە رۆڵی روسیا لە دانوستانەکانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر و حکوەمەتی سوریاش، مەزڵوم کۆبانێ رایگەیاند: روسیا بەردەوام لەسەر هێڵە لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ ئەوەی بگاتە رێگەچارەیەکی ناوەندی، ئێمە پڕۆژەمان هەیە و ئەوانیش پڕۆژەیان هەیە.سەبارەت بە دۆخی باکوری سوریایش، مەزڵوم کۆبانێ وتی :"گەشبینم بە ئایندەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر کە ناوچەیەکی بەرفراوانی سوریا بەڕێوەدەبات، سەرەڕای ئەوەی هەندێک گۆڕانکاریی لە دۆخەکە رویداوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی هێشتنەوەی جەوهەری خۆبەڕێوەبردن دەدەین".

ناوبراوجەختیشی کردەوە؛ سەرەڕای ئەو لەمپەر و ئاڵنگارییانەی روبەڕوی دانیشتوانی ناوچەکە بوەتەوە، بەڵام کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی باکوری سوریا و دامەزراوەکانی پایەیان چەسپیوە و ئەگەری سەرکەوتنیان زۆر لە رابردوو زیاترە.