کانونی یه‌که‌م 01, 2019 12:24 Asia/Tehran
  • لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە پارێزگای حەسەکەی سووریا چەند لەشکرییەکی تورکیا کوژران

ناوەندی ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا«سانا» شەوی یەکشەممە باسی ڕوودانی تەقینەوەیەکی کرد لە نزیکی شاری سەرێکانی لە پارێزگای حەسەکەی باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی هەواڵیی ئەلعالەم ، لەم تەقینەوەیەدا کە لە بینایەکی ناوچەی «تەل حەلەف» ڕووی دا، چەند لەشکرییەکی تورکیاو چەکدارانی سەربەم وڵاتە کوژراون.

«تەل حەلەف» لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای حەسەکە ھەڵکەوتووەو لە سنووری ھاوبەشی نێوان سووریاو تورکیادایە.

سوپای تورکیا ڕۆژی چوارشەممە نۆھەمی ئۆکتۆبەر لە ئەنجامی سەرشۆڕ کردنی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھەمبەر پێداگرییەکانی دەوڵەتی دادوگەشەی ئانکاراو بە بیانووی خۆی وتەنی خەباتی دژی تیرۆریزم و پاکتاوکردنی سنوورەکانی نێوان سووریاو تورکیا لە شەڕڤانانی کورد کە ئانکارا بە تیرۆریستیان دەزانێ، بە فەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بۆ ماوەی ھەشت ڕۆژ ھەڵیکوتایە سەر باکووری سووریا. ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا لەگەڵ ئیدانە کرانی بەربڵاوی نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەتەوە . سوپای تورکیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو چەندین جار سنووری سووریای بەزاندووە. 

کاربەدەستانی سووریا وێڕای ئیدانە کردنی ئەم ھێرشانە جەختیان کردووە کە سوورییەکان لە سەروەری و دەستەڵاتی نیشتیمانیی خۆیان بەرەڤانی دەکەن.

جێگای ئاماژەیە تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەلی سووریا« یە پە گە» و پارتی یەکێتیی دیموکراتی سووریا«پە یە دە»و پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا«پەکەکە» بە پێکھاتەگەلێکی تیرۆریستی دەزانێت کە ئامانجی یەکجارییان دابەشکردنی خاکی سووریاو دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردییە لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی فۆرات دا بە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.