ئه‌یلوول 24, 2016 11:56 Asia/Tehran
  • وتەکانی روحانی لە دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی ، دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن رۆژێکی زۆر گرنگ بۆ قوتابیان ، خوێندکاران ، مامۆستایان ، وانەبێژان ، بنەماڵەکان و هەمووی ئەوانەیە کە بەدوای دواڕۆژ و گەشەی وڵاتدان .

بە گوێرەی راپۆرتی هەواڵدەری سەداوسیما ، دکتور حەسەن روحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی شەممە لە ئاهەنگی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن ، قوتابیانی بە دواڕۆژسازانی ئێران  زانی و وتیشی : ئەگەر قوتابخانە ، کۆمەڵگا ، حکومەت و بنەماڵە لە تەنیشت یەکتر دابن ، داهاتووی ئێران بە باشترین شێوە بنیات دەنرێ .

روحانی  لە درێژەدا کێشەی گەورەی ناوچەکە و جیهانی توندی و تیژی ناو برد و گوتی : قوتابخانەکان و پۆلەکانی وانەوتنەوە لە دراوسێیە تی ئێران لە عێراق ، سوریا و یەمەن وێران  بوونە و قوتابیان لە خاک وخوێن گەوزاون . سەرۆکی دەسەڵاتی کارگێڕیی ئێران وتیشی : ئەمڕۆ دەبێ بە دوای ئەم بابەتەدابین کە چۆن دەبێ توندی و تیژی و هەڕەشە لە ژینگەی کۆمەڵ ، گەنجان ، لاوان و تازەلاوان و داهاتووی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دوورکەینەوە .

روحانی ، بێبەشکردنی تازەلاوان لە خوێندن و قوتابخانە ، ناچارکردنی ئەوان بە کار و رەفتار لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەخلاقی دینی و ئیسلامیی بە جۆرێک لە توندی و تیژی ناوبرد .

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کردەوە ، حکومەتی ئێران ئەمساڵ توانیویەتی سەرباری دابەزینی نرخی جیهانیی نەوت ، بێ بەکارهێنانی پاشەکەوتەکانی و لە سایەی یەکیەتی و یەکڕیزی کۆمەڵگا لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ .