کانونی یه‌که‌م 08, 2016 13:58 Asia/Tehran
  • لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران پەسەند کرا: دراوی ئێران لە ڕیاڵەوە بۆ تمەن دەگۆڕدرێت

ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران لەمیانەی کۆبوونەوەی دوێنێ چوارشەممەی خۆی بە سەرۆکایەتی دکتۆر رۆحانی سەرۆک کۆمار، درێژەی دا بە تاوتوێ کردنی پێشنیاری لێژنەی هەڵبژێردراو سەبارەت بە پرۆژە یاسای بانکی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەندێ لە بڕگەکانی ئەو پرۆژە یاسایەی پەسەند کرد .

بەپێی راپۆرتی کەناڵی جیهانیی سەحەری کوردی بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی راگەیاندنی دەوڵەت، بەپێی هەندێ لە بڕگەکانی ئەم پرۆژە یاسایە کە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەن کراوە یەکەی دراوی فەرمی ئێران تمەن دەبێت و هاوتای ١٠ ڕیاڵە.

پرۆژەیاسای گۆڕینی یەکەی دراوی فەرمیی ئێران دەبێ لە لایەن مەجلیسی شۆرای ئیسلامیەوە  و پاشان لە لایەن شۆرای نگەهبان بە یەکجاری پەسەن بکرێت.

هەروەها ڕێگا بە بانکی ناوەندی دەدرێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی پاشەکەوت و داراییەکانی، بێ گرتنی مۆڵەت، تۆمار کردنی داخوازی، پێدانی مووچە و باجی زێدەبایی کار بۆ هەناردە و هاوردەی زێڕ بکات.