ئادار 27, 2017 17:47 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی : پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا بە قازانجی ناوچەکەیە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ، پەرە سەندنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی ئێران و ڕووسیای بە ێازانجی جەماوەری هەردووک وڵاتەکەو ناوچەکە زانی و وتی: ئەم پەیوەندییانە دژی هیچ وڵاتێکی سێهەم نەبووەو نیشە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە لە تاران بەر لە گەشتەکەی بۆ ڕووسیا لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران دا وتی: پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ڕووسیا وەک وڵاتێکی گرینگ لە ناوچەکەدا دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و سەردەمی بەرەڤانیی پیرۆز، چووەتە وارێکی تازەوەو ئێستاش هەردووک وڵات لە ڕووی دوولایەنەو نێونەتەوەییەوە پەیوەندییەکی باشیان هەیە.

ڕۆحانی چێکردنی هێزگەی ناڤۆکیی بوشەهری وەک هێنایەکی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا لێک دایەوەو وتیشی: هاوکارییەکانی دوو وڵات لە ڕەوتی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و یان هەنگاوی هاوبەشیش نمونەیەکی دیکەی پەیوەندی و هاوکارییە باشەکانی دوو وڵاتە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە ڕاشکاوی وتی : پرسی سەرمایەدانانی ڕووسیا لە هەرێمەنەوتی وگازییەکانی ئێران لە بەرنامەی داوستانەکانی دوو وڵات لە مۆسکۆیە.

ڕۆحانی تیشکی خستە سەر هەڵکشانی سەدی هەشتای بارستایی سات و سەودای نێوان ئێران و ڕووسیا لە ساڵی ڕابردووداو وتیشی: ئەمڕۆ هەلی باش لە بواری ناوچەیی و نێونەتەوەیی و دوو لایەنە بۆ پەرە پێ دانی پەیوەندییەکانی دوو وڵات ڕەخساوە.

سەرۆکی هێزی بەڕێوەبەرایەتیی ئێران هەروەها خەباتی دژی تیرۆریزمی وەک خاڵێکی هاوبەشی نێوان تاران و مۆسکۆ دەستنیشان کرد و وتی: ئێران و ڕووسیا لەو باوەڕەدان کە نابێ تیرۆریزم وەک گۆپاڵێک بە مەبەستی وەدی هاتنی ئامانج و ئاڵ و گۆڕ لە ناوچەکەدا بەکار بهێندرێت و نمونە ڕوونەکەشی هاوکاریی ئێران و ڕووسیا لە بارەی قەیرانی سووریاو خەباتی دژی تیرۆریزم و چەسپاندنی سەقام و ئاسایشت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دایە.