شیراز شاری نەهێنی و ڕاز
شیراز یەکێک لە شارە گەورەکانی ئێران و ناوەندی پارێزگای فارسیشە. شیراز بە هۆی بوونی شوێنی لەباری گەشتیاری، فەرهەنگی، ئایینی و سرووشتی زۆر، بەردەوام بووەتە هۆی ڕاکێشانی سەرەنجی گەشتیاران بەرەو لای ئەو. شایانی ئاماژەیە کە شیراز لە ئێراندا بە شاری شیعریش بەناوبانگە.
مزگەوتی نەسیرولمۆلک
مزگەوتی "نەسیرولمۆلک" یەکێک لە مزگەوتە کۆنەکانی شیرازە کە لە باری کاشیکارییەوە بە یەکێک لە جوانترین مزگەوتەکانی ئێران ئەژمێردرێت، لەم مزگەوتە لە شووشەی ڕەنگامە کەڵک وەرگیردراوە هەر بۆیە مزگەوتی پەمەییشی پێ دەڵێن.
ئەرگ (قەڵای) کەریمخانی
قەڵا یان ئەرگی کەریمخانی کە لە ناوەندی شاری شیرازدا هەڵکەوتووە لە سەردەمی زەندییەکاندا چێ کراوە و بۆیە بەم ناوە نێوبانگی دەرکردووە.
بازاڕی وەکیل
بازاڕی وەکیل یەکێک لە بەناوبانگترین بازاڕە نەریتی و مێژووییەکانی ئێرانە کە دیرۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی زەندەکان.
باخی ئیرەم
باخی ئیرەم باخێکی مێژووییە کە لە باکووری ڕۆژئاوای شاری شیرازدا هەڵکەوتووە. سەرەنج راکێشترین بەشی ئەم باخە ئەو جاددە و شەقامەیە وا لە نێوەڕاستی باخەکەدا چێ کراوە و لە هەر دوولای داری جۆراوجۆر چێندراوە و جوانییەکی تایبەتیشی پێ بەخشیوە.
حافزیە
حافزیە گڵکۆی شاعیری بەناوبانگی ئێرانییە کە ڕووبەرەکەی 2 هەکتارە و لە باکووری شاری شیرازدا هەڵکەوتووە.
گڵکۆی سەعدی
گڵکۆی سەعدی شوێنی ژیان و نێژرانی "سەعدی" شاعیری فارسی بێژ و نێوبەدەرەوەی ئێرانە. کێلی قەبری سەعدی لە نێوەڕاستی بینایێکی 8 سووچیدا هەڵکەوتووە و میچەکەی بە کاشی فیرۆزەیی ڕازێونراوەتەوە.
نەخشی ڕوستەم
نەخشی ڕوستەم ناوی کۆبینایێکی کەوناراییە لە باکووری شارستانی "مەرودەشت"دا کە لە مەودای 6 کیلۆمەتری لە تەختی جەمشیدەوە هەڵکەوتووە. ئەم شوێنە کەوناراییە هێماگەلێکی تێدایە لە چاخی "عیلامییەکان"، "هەخامەنشییەکان" و "ساسانییەکان".
تەختی جەمشید
"تەختی جەمشید" یان "پرسپۆلیس"، ناوی یەکێک لە شارە کەوناراییەکانی ئێران بووە کە بۆ ماوەی نزیک بە 200 ساڵ ئاوەدان بووە. تەختی جەمشید لە 10 کیلۆمەتری باکووری شاری "مەرودەشت" و لە 57 کیلۆمەتری "شیراز"دا هەڵکەوتووە.
گڵکۆی شاچراغ
"شاچراغ" گڵکۆی "ئەحمەد کوڕی مووسا کازم"ی برای ئیمام ڕەزا(د.خ)یە کە لە شاری شیرازدا هەڵکەوتووە.