حوزه‌یران 20, 2017 07:55 Asia/Tehran
  • ئێران سکاڵایەکی بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرز کردەوە

نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەک بۆ بەڕێوەبەری گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە لێدوانی خۆوەردەرانەی ئەمدوایەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمەڕ هەوڵ دانی وڵاتەکەی بوارخۆشکردن لەپێناو هەوڵ بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە ئێرانی بە بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرا سەبارەت بە خۆتێوەردانی واشینگتۆن زانی و خوازیاری شەرمەزارکرانی ئەو جۆرە هەڵس و کەوتە بوو لەلایەن هەموو وڵاتانی جیهانەوە .

"ڕێکس  تیلەرسۆن" Rex Tillerson، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە لە لێژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەم وڵاتە لە لێدوانێکی دوژمنکارانە و دژ بە یاسا و ڕێساکانی مافەوانیی نێودەوڵەتی پێداگری کردبوو کە ئەمریکا پشتیوانی دەکات لەو لایەنە ناوخۆییانەی نێو ئێران کە بتوانن یارمەتیدەری واشینگتۆن بن لە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "غوڵامعەلی خۆشڕوو" ڕۆژی دووشەممە لە نامەکەی خۆیدا بۆ "ئانتۆنیۆ گوترێش" سکرتێڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم قسە دوژمنکارانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای سەلمێنەری لە ئارادا بوونی پلانێکی خۆتێوەردەرانە و بێ شەرمانە لە لایەن واشینگتۆنەوە زانی کە لەگەڵ هیچکام لە چوارچێوە و یاسا و ڕێساکانی مافی نێودەوڵەتی  و هەروەها دەق و ناوەڕۆکی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان نایەتەوە.

نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ ئەم لێدوانانەی تیلەرسۆن بنپێکردنی بە ئاشکرای پەیمانی ئەلجەزایر (١٩٨١) و هەروەها پەیمان و بەڵێنەکانی دیکەی ئەمریکایە کە  ئەم وڵاتە پێبەند دەکات بە سیاسەتی خۆبواردن لە خۆوەردانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی سیاسی یان سەربازی لە کاروباری ئێراندا.

خۆشڕوو وتیشی: خاڵی سەرنج ڕاکێش لێرەدا ئەوەیە کە ئەم قسانەی تیلەرسۆن درووست چەن هەفتە پاش بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنی پڕسۆز و خرۆشی سەرۆک کۆمارەتی و ئەنجومەنەکانی شار و گوند لە ئێران هاتۆتە ئاراوە کە پتر لە ٧١%ی خەڵکی ئێران لەو هەڵبژاردنانە بەشدارییان کرد.

نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژە بەوەی کە خەڵکی ئێران بەردەوام ئەوەیان سەلماندووە کە تەنیا هەر خۆیان بڕیار دەدەن بۆ چارەنووسیان، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ خۆوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێران هیچ ئاکامێکی جگە لە شکست نابێ.