ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی : ئەمڕۆکە خەباتی دژی زایۆنی لەسەر تەواوی جیهانی ئیسلام فەرزە
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی پێداگرت: بە پێی فقهی ئیسلامی ، لە هەمبەر زاڵبوونی دوژمن بەسەر سەرزەوینی ئیسلامی، تەواوی موسوڵمانان لەسەریانە بەهەرچەشنێک کە پێیان دەکرێت خەبات و جیهاد بکەن و هەربەم پێیەش ئەمڕۆکە خەباتی دژی ڕژێمی زایۆنی لەسەر تەواوی جیهانی ئیسلام پێویست و فەرزە.
بەپێی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی پاراستن و بڵاو کردنەوەی بەرهەمەکانی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ، بەڕێزی ئەمڕۆ دووشەممە لەدیداری بەرپرسان، چینە جۆربە جۆرەکانی خەڵک و باڵوێزانی وڵاتانی ئیسلامی وێڕای پێرۆز کردنی جەژنی رەمەزان ڕەخنەی لە خۆ بواردنی هێندێک لە وڵاتانی ئیسلامی لەم خەبات و جیهادە گرت و گەلی ئێرانی لە بەجێ هێنانی ئەم ئەرکە بە وریا و لەسەر هەست زانی و وتیشی : دنیای ئیسلام پێویستی بە یەکگرتن و هاوپەیمانییە و گەلانی موسوڵمان بە زۆری پێکەوە هاودڵ و هاودەنگن بەڵام ئەمە دەوڵەتەکانن کە دەبێ ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن .
حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕێپێوانی ڕۆژی قودس و ئامادەبوونی پڕشۆڕ و بەربڵاوی جەماوەری ئێرانی لە مەڕ بەرەڤانی کردن لە گەلی فەلەستین بەنموونەیەکی پڕ لەشانازیی یەکگرتنی ئیسلامی زانی و وتیشی : واتای یەکگرتنی ئیسلامی هەر ئەمەیە کە جەماوەری شیعە و بە ڕۆژووی ئێران بە وەها مەزنایەتی و شکۆمەندییەکەوە دەڕژێنە نێو شەقام و بازاڕەوە ولەگەڵ فەلەستینییەکان دا کە ئەهلی سوننەن هاودڵی و هاودەردی دەردەبڕن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی کاڵبوونەوە و لەبیربردنەوەی کێشەی فەلەستینی بە مەترسیەکی گەورە زانی و وەبیری هێنایەوە : یەک گرتن و خۆ بواردن لە دووبەرەکی بە قازانجی تەواوی وڵاتانی ئیسلامییە و دەبێ بە هاودڵی لەبارەی تەوەرەی فەلەستینەوە وەک یەکەم کێشەی جیهانی ئیسلام پێش بە کاڵبوونەوە و یاخود لەبیرچوونەوەی بگرین.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی دووبەرەکی و ناکۆکیی بە گرینگترین گرفت و برینێکی گەورەی سەر جەستەی جیهانی ئیسلام زانی و وێڕای تیشک خستنەسەر بوونی تێکهەڵچوونی خوێناوی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی جیهانی ئیسلام وەکوو یەمەن وسوریا و ئێراق و باکووری ئەفریقیا پێی داگرت : لێک نیزیک بوونەوەی وڵاتانی ئیسلامی و بەکارنەهێنانی هێز دژی یەکتر هاوتەریبە لەگەڵ حیکمەتی ئیلاهی و بە قازانجی هەموو وڵاتانی ئیسلامییە .
جێگەی ئاماژەیە بەرلە وتەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی حەسەنی روحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای سوپاس بێژی کردنی گەل و هێزە چەکدارەکانی ئێران لەبەر خوڕاگرتنیان لە هەمبەر تیرۆریستان وتی : وڵامدانەوەی تیرۆریستان بەشێکی هەرە بچووکی هێزی بەرەڤانی ئێرانی ئاشکرا کرد.
حەسەنی روحانی هەروەها وێڕای ڕێزنان لە بەشداری بەربڵاوی جەماوەر لە ڕێپێوانی ڕۆژی قودس دا وتیشی: ڕێبپێوانەکەی خەڵک لەم ڕۆژەدا ئەوەی سەلماند کە سەرەنجام حەق بەسەر ناحەق و بەتاڵ دا سەردەکەوێت.