تشرینی یه‌که‌م 17, 2017 15:24 Asia/Tehran
  • لاریجانی ئەنجامی سەفەرەکەی بۆ ڕووسیای لێک دایەوە

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کاتی گەڕانەوە لە سەفەری سێ ڕۆژەی بۆ ڕووسیا و هەڵسەنگاندنی ئەم سەفەرە و دیدارە ئەنجام دراوەکان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی یەکێتیی نێوان پەرلەمانیدا لە شاری سەن پێتێرزبورگ وتی: بەشداری لەم کۆبوونەوانە دەرفەتێکی باشە بۆ وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتانی جۆربەجۆر.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران "عەلی لاریجانی" وتی: یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم سەفەرەی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی یەکێتیی ئاسایشی ناوچە بوو کە بە سەرنج دانی هەستیار بوونی ناوچەکە بەشداری لەو کۆبوونەوانە هەنگاوێکی باش و ئەرێنی بوو لە پێناو راوێژکاری لەگەل نوێنەرانی وڵاتانی دیکە.

لاریجانی رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکانی نێوان پەرلەمانیشدا بە سەرنج دانی ئەوەی کە فرەچەشنیی ئایینی و نەتەوەیی بیانوویەک بۆ سەرهەڵدانی قەیرانە، پرس و بابەتەکان خرایە بەر باس و لێکدانەوە.

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: ئەم سەفەرە دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی ڕووسیایش وتووێژ بکەین. لاریجانی وتیشی: لەگەڵ بەڕێز پوتین سەبارەت بە گرێبەست و ڕێککەوتنە گرینگەکانی نێوان دوو وڵات بیر و ڕامان گۆڕییەوە. عەلی لاریجانی وتیشی: بۆ ئێمە گرینگە پێوەندیی ئاباووریمان لەگەڵ ڕووسیا هەر وەک پێوەندی سیاسیی ڕەوتێکی ڕوو لە  پەرەی هەبێ.

لاریجانی سەبارەت بە وردییاتی دانوستانی لەگەڵ پوتین وتی؛ بەڕێز پوتین بە خۆشی سەبارەت بە دانوستانی ئاستانە قسەی کرد و ئاماژەی کردە چەن خاڵێک سەبارەت بە باشتر کردنی ئەو ڕێگایە و بەدیهێنانی کەشێکی ئەمنتر لە ناوچەکەدا.

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە هاوکاریی ئێران، تورکیا و ڕووسیا سەبارەت بە قەیرانی سووریایش وتی؛ زۆرێک لە وڵاتان هاوکاریی ئێران، تورکیا و ڕووسیا لە چارەسەر کردنی کێشەکانی سووریای بە هاوکارییەکی باش زانی و ژمارێک لە وڵاتانیش خوازیاری ئەوە بوون بێنە ڕیزی ئەم پێکهاتەوە.

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی بەشداری لە سەد و سی و حەوتەمین کۆبوونەوەی یەکێتیی نێوان پەرلەمانیی جیهانی سەردانی سەن پێتێرزبورگی ڕووسیا کردووە. ئەم کۆبوونەوانە لە ڕۆژی شەممەوە بە درووشمی "بەهێزتر کردنی فرەچەشنیی کەلتووری و ئاشتی لە ڕێگای وتووێژی نێوان ئایینی و نێوان ئەتنی" کاری خۆی دەست پێ کرد.