تشرینی دووه‌م 18, 2017 08:38 Asia/Tehran
  • فەرماندەری هێزی زەوینیی ئەرتەشی ئێران: فریاگوزاریی بە لێقەوماوانی بوومەلەرزە هەروا بەردەوامە

فەرماندەری هێزی زەوینیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: لە شەشەمین شەوی ڕوودانی بوومەلەرزە لە ڕۆژاوای ئێران، کاری فریاگوزاریی ئەرتەش بە دابەشکردنی کاڵا پێویستەکان لە ئاواییەکان و جێگیرکرانی ئاسایشی ناوچە بەردەوام کرا.

سەرتیپ کیومەرس حەیدەری سەرلەئێوارەی دوێنێ هەینی بەئاماژە بەوەی کە هێزەکانی ئەرتەشی ئێران یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزە بە ئەرکی شەرعی خۆیان دەزانن، پێی داگرت: ناردنی خێوەت و خۆراک بەشێکە لە پرۆسەی یارمەتی گەیاندن، بەڵام گرینگتر لەهەمووان لەڕۆژانی داهاتوو بەسەرنجدان بە ساردبوونی هەوا، نایلۆن، مۆکێت و کەرەستەو ئامێری گەرم کەرەوە، پێویستە.

فەرماندەری هێزی زەوینیی ئەرتەشی ئێران وتی: چەسپاندن و جێگیرکردنی ئاسایش بەشێکی دیکە لە یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی ئەم دواییەیە کە هێزە تایبەتییەکان، ڕێکخران و لەبەشە جیاجیاکانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی ڕۆژاوای ئێران جێگیر بوون.

هەروەها سەعید مۆئمنی بەرپرسی گەیاندنی گازی کۆمپانیای نیشتمانیی گازی ئێران بەئاماژە بە گەیاندنی گاز بە هەندێ شوێنی گشتی لە شارەکانی قەسری شیرین ، سەلاسی باوەجانی، جوانڕۆ و سەرپێڵی زەهاو، باسی خێراکرانی ڕەوتی گەیاندنی گاز بە ماڵەکان لەناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی ڕۆژاوای ئێرانی کردو ڕایگەیاند: هەتا رۆژی هەینی گازی٥٠٠ماڵ لە سەرپێڵی زەهاو و ٨٠٠ ماڵ لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی لەپارێزگای کرماشان خراوەتەوە کار.

بوومەلەرزەیەکی٧.٣ریشتەریی شەوی یەکشەممەی ڕابردوو ڕۆژاوای ئێرانی هەژاند. تائێستا بەهۆی ئەو بوومەلەرزەوە ٤٣٦کەس گیانیان لەدەست داوەو نزیک بە دە هەزار و ١٧٩کەس بریندار بوون.

سەرپەیڤ