قەدەغەی هاتووچۆی ئۆتۆمبیلی سواری و بارهەڵگر لە جادە و ڕێگاکانی پارێزگای کرماشان
بەرپرسی ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران ، ڕایگەیاند ؛ هاتووچۆی ئۆتۆمبیلی سواری و بارهەڵگر لە جادە و ڕێگاکانی پارێزگای کرماشان قەدەغەیە.
سەرهەنگ نادر ڕەحمانی بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندن و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێراندا وتی: سەبارەت بە دوایین باروودۆخی ترافیکیی ڕێگا و جادەکانی ئێران وتی: ئێستاکە هاتووچۆ لە هەموو جادە و ڕێگا سەرەکییەکانی ئێران ڕەوانە و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە.
ناوبراو وتیشی: تا ئێستا هیچ بارین و یان کێشەیەکی جەویمان نەبووە و ڕاپۆرت نەکراوە.
بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندن و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران وتی: ئۆتۆمبیلەکانی فریاگوزاری نەبێ، هاتووچۆی هەر چەشنە ئۆتۆمبیلی سواری و بارهەڵگری دیکە لە جادە و ڕێگاکانی نیوان شاباد - داڵاهۆ- سەرپێڵ- قەسری شیرین قەدەغەیە.
بومەلەرزەی ٧.٣ ڕیشتەری شەوی دووشەممە ٢١ی گەڵاڕێزان پارێزگای کرماشانی هەژاند کە بووە هۆی ئەوەی زەبرێکی قورس لە ٧ شار و زیاتر لە هەزار گوندی ئەم پارێزگەیە بکەوێ. زیاتر لە ٣١ هەزار ماڵ و خانوبەرە لەم بومەلەرزەیەدا بە تەواوەتی کاول بوون و یان زەبری قورس و سووکیان لێ کەوتووە. لەم ڕووداوەدا هەروەها ٤٣٦ کەس گیانیان لە دەست دا و ١٠ هەزار و ١٧٩ کەسیش بریندار بوون.