کانونی یه‌که‌م 16, 2017 16:16 Asia/Tehran
  • هاوکاریی ئێران و تورکیا لەبواری ئاسایشی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم

یاریدەری وەزیری ناوخۆی ئێران بەئاماژە بەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا لەبواری ئاسایشی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، هاوکاریی جیددیان پێکەوە هەیە، وتی: لە دوو وڵاتدا نیگاو ڕوانگەیەکی قووڵ هەیە سەبارەت بە پەرەپێدانی هاوکارییەکان.

حوسێن زولفەقاری ئەمڕۆ شەممە لە دیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنادا وتی: ئێران و تورکیا لەڕەوتی سەفەری ئەم دواییەی سولەیمان سۆیلوو وەزیری ناوخۆی تورکیا بۆ تاران، ڕێککەوتنی شیاویان ئەنجام دا لەبواری جیاجیای وەک، هەڕەشەی ئاسایشیی دوو وڵات لەمەڕ تیرۆریزم، قاچاخی مرۆڤ، ماددە هۆشبەرەکان، چەکەمەنی، ماددەی تەقینەوەیی، خواردنەوە کهولییەکان و گشت تاوانە ڕێکخراوەکان و هەروەها لەبەرچاوگرتنی مافی شارومەندانی دوو وڵات.

سولەیمان سۆیلوو شەممەی ڕابردوو سەردانی تارانی کردو لەگەڵ عەبدوڕەزا ڕەحمانی فەزلی وەزیری ناوخۆی ئێران دیدار و وتووێژی کرد.

یاریدەری وەزیری ناوخۆی ئێران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە جێ بەجێ کرانی ئەو ڕێککەوتنانە پێویستی بەهاوکاریی هەموو هۆکارەکان و هێزە کارگێڕییەکانی دوو وڵات هەیە، وتی: لەو ئاراستەدا، دووهەم دانیشتنی گرووپی کاریی هاوبەشی بەرپرسانی وەزارەتخانەکانی ناوخۆی ئێران و تورکیا لەئانکارا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوە چوو.

بەرپرسانی باڵای وەزارەتخانە ناوخۆییەکانی ئێران و تورکیا لە کۆتایی دووهەم دانیشتنی گرووپی کاریی هاوبەش، سەنەدی ڕێککەوتن و نەخشەڕێگای گەشەی هاوکارییەکانیان مۆرکرد.

ئەو سەنەدەی ڕێککەوتن و نەخشەڕێگایەی گەشەپێدانی هاوکارییەکان رۆژی هەینی پاش سێ ڕۆژ دانوستانی کارناسیی لەنێوان شاندی ئێرانی بەسەرپەرشتی حوسێن زولفەقاری یاریدەری ئاسایشی و پۆلیسی وەزیری ناوخۆی ئێران و شاندی تورکیا بەسەرپەرشتی موحتەڕەم ئینجە جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا لەئانکاڕا ئیمزا کرا.

سەرپەیڤ