شوبات 16, 2018 12:26 Asia/Tehran
  • درێژەی خەیاڵکردی ئەمریکا، وتووێژی مووشەکی، هێڵی سووری ئێران

رێکس تەیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لە سەفەر بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستم نەیتوانی ئامانجەکانی مسۆگەر بکات، لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان، جارێکی دیکە باسی گۆڕانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی کردو وتی: سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەهەوڵی چارەسەریی کەم وکوڕییەکانی هەنگاوی هاوبەش دایە.

رێکس تەیلرسۆن رۆژی پێنج شەممە هاوکات لەگەڵ خستنەڕووی هۆوهەگەر بۆ گۆڕینی ڕێککەوتنی ناڤۆکی ئیدیعای کرد، دەبێ بەرنامەی مووشەکیی بالستیکی ئێران بخرێتەژێر چاودێری. هەرلەوبارەوە، ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسەش، رۆژی چوارشەممە هاودەنگ لەگەڵ ئەمریکییەکان وتی: توانای مووشەکیی ئێران بخرێتەژێر چاودێریی جیهانییەوە.

دەوری ناوچەیی و بەرنامەی مووشەکیی ئێران، دوو بابەتن کە ئەمریکییەکان و ژمارێک وڵاتی ئوروپایی لەوان فەڕانسە هەوڵ دەدەن تێکەڵداری ڕێککەوتنی ناڤۆکی بکەن، بابەتێک کە لەگەڵ هەڵوێست گرتنی شێلگیرانەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوڕوو بووە.  بەقسەی بەرپرسانی ئێران، هەنگاوی هاوبەش(برجام) هەربەو شێوازەی ئێستای دەمێنێتەوەو ووشەیەکی لێ زیاد یان کەم ناکرێ. ئامانجی ئەمریکاو فەڕانسە لە باسکردنی پرس وبابەتی بەدەر لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، کارتێکەریی لەسەر دەور و ڕۆڵی کاراو سازندەی ئێران لەناوچەیە. ئەمریکییەکان هەردەم بە تۆمەت وبوختان هەڵبەستی پڕووپووچ تێدەکۆشن هەرا پرسی لەئێران ترساندن لەناوچەی رۆژاوای ئاسیادا لەگۆڕێدا بێ و لەوناوەدا، فەڕانسە لەگەڵ ئەواندا هاوتەریب بووەو بەواتایەکی دیکە، دەوری"پۆلیسی خراپ" وەک سەردەمی دانوستانە ناڤۆکییەکان دەبینێ.

هەڵوێستی ڕاگەیێندراوی سێ وڵاتی ئوروپایی بەریتانیا، فەڕانسەو ئاڵمان لەمەڕ پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی جیاوازە لە سیاسەتی کرداریی ئەوان ، کە دانیشتنی سێ قۆڵیی ئەو وڵاتانە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی گرووپێکی کاریی بۆ گۆڕینی بڕگەکانی هەنگاوی هاوبەش، نەشیاو پێشاندانی دەوری ناوچەیی ئێران و هەوڵدان بۆ بەرتەسک کردنەوەی توانای مووشەکی ئێران، پێشاندەری ئەو ڕاستییەیە. بەهەرحاڵ ئەوەی وا گرینگە، هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کەچەندین جار جەختی کردووە، ڕێگە نادات نهێنییە مووشەکی و بەرگرییەکانی ئێران بخرێتە بەردەست ڕۆژاواییەکان. سیاسەتی ناوچەیی ئێرانیش داڕێژراو لەسەر ئەسڵی دراوسێتی شیاو و پاراستنی سەروەریی و یەکپارچەیی وڵاتانەو ئەو سیاسەتە، پێشاندەری سیاسەتی ئاسایشیی ئێرانە کە ئاسایشی وڵاتانی ناوچە بەئاسایشی خۆی دەزانێ. لە وەها بارودۆخێکدا، توانای بەرەڤانی و مووشەکیی ئێران جێی مەترسیی نییە بۆ وڵاتانی ناوچە، مەگەر ئەوەی کە وڵاتێک بەنیاز بێ دەسدرێژی بکاتەسەر خاکی ئێران.

ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر هاوکێشە سیاسی و ئاسایشییەکانی ناوچە، "هاوکاریی گشتی" یەو لەو ڕوانگەوە، توانای سەربازی و مووشەکیی ئێران لە چوارچێوەی دوکتورینی پێشگرانەو لەخزمەتی ئاشتی و ئاسایشی گشتی دایە. هەرلەو ئاراستەدا، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی پێنج شەممە لەکاردانەوە بە هەڵوێستی ناڕاستی سەرۆک کۆماری فەڕانسە، جەختی کرد: "ئێران لەساڵانی ڕابردوودا داهێنەر ودەسپێشخەری ڕەخساندنی تەرتیباتی ئاسایشی بەهاوبەشیی وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس بووە بە مەبەستی جێگیرکردنی سەقام وئاسایش لەچوارچێوەی هاوکاریی هەموو وڵاتانی ئەو ناوچەیە و نیگەرانیی ساختەو زەینیی وڵاتانی واوەناوچەیی لە توانا بەرەڤانییەکانی، بە قەبووڵنەکراو دەزانێ."

لێکدانەوەی مووشەک و کەمڵاندنی لە ئێران هەمان ماناو واتای هەیە کە لە وڵاتانی دیکە کەڵکی لێ وەردەگیرێ و مووشەک، ئامرازێکی بەرەڤانییەو هەر وڵاتێک بەسەرنجدان بە بارودۆخ و هەلومەرجەکانی خۆی ئیمکاناتی بەرەڤانی خۆی هەڵدەبژێرێ.

بەسەرنجدان بە جۆری هەڕەشەی دوژمنان لەدژ کۆماری ئیسلامیی ئێران، قورسایی ئیمکاناتی بەرگریی ئێران، مووشەکەو لە وەها بارودۆخێکدا، چێکرانی مووشەک و تۆکمەکرانی، پرسی ناوخۆیین لەچوارچێوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانداو وڵاتانی دیکە بۆیان نییە تێیدا دەسوەردان بکەن.

هەر بەوجۆرەی کە عەلی ئەکبەر وەلایەتی ڕاوێژکاری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتیش ڕۆژی چوارشەممە وتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواو بەگویڕەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی لەمەڕچێکردنی مووشەک بەئامانجی بەرەڤانی کردنی تەواو لەخۆی، وەک دەوری مووشەک لە زۆربەی وڵاتان دەجوڵێتەوە."

سەرپەیڤ