ئادار 17, 2018 07:25 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ئێران بە چەواشەکاریەکانی رۆیتێرز

جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی شەوی هەینی لە ڤیەنا لە کاردانەوە بە بانگەشەی رۆیتێرز لەمەڕ نیازی ئوروپیەکان بۆ بایکۆت کردنی ئێران جەختی کردەوە ئوروپیەکان خوازیاری پاراستنی بەرجام و هەڵوەشانی بایکۆتەکانن .

هەواڵدەریی رۆیتێرز دوانیوەڕۆی هەینی بانگەشەی کردبوو بەریتانیا و ئاڵمان و فەڕەنسە بەمەبەستی هاندانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ مانەوە لە رێککەونی ناڤۆکیی ئێران و وڵاتانی 1+5 پێشنیاریان بە یەکیەتی ئوروپا داوە بایکۆتی نوێ لە دژی ئێران داسەپێنن .

بەپێی راپۆرتی ئیرنا ، سەید عەباس عێراقچی جەختی کردەوە ئەوەی کە ئوروپیەکان کە هەم لە دیدارە دوو قۆڵیەکان و هەم لە کۆبووونەوەی لیژنەی هاوبەشی بەرجامدا بە جددی جەختیان لەسەر کردووە ، ئەوەیە کە بەشێوەی مکوڕ خوازیاری مانەوەی بەرجامن و سەرنجی ئەوە ئەدەن کە بە گوێرەی بەرجام ، دەبێ هەموو حاڵەتەکانی هەڵوەشانی بایکۆتەکان وەک خۆیان بمێنن و ئێران لە بەرژەوەندیی هەڵوەشانیان سوودمەند بێ .

جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی جەختی کردەوە بەم حاڵەوە لەوانەیە هەندێ وڵاتی ئوروپی بە دوای کاری وەک بایکۆتی ناناڤۆکیەوە بن بۆ پێ خۆشبوونی سەرۆکی ئەمریکا ، کە تووشی هەڵەیەکی گەورە دەبن و ئەنجامی راستەخۆی لەسەر بەرجام و درێژەی مانەوەی ئەم رێککەوتنە دەبینن .

عێراقچی پێی داگرت باشتر وایە وڵاتانی ئوروپایی هەروەک تا ئێستا هەنگاویان ناوە بە دوای پێبەندیی بەردەوامی ئەمریکا بە بەڵێنەکانی لە بەرجامدا بن و ئەم وڵاتە هان دەن بۆ جێبەجێ کردنی کاریگەری بەرجام لە هەموو بەشەکاندا هاوڕێ لە گەڵ نیازپاکی ، چونکە هیچ رێگایەکی دیکە بۆ پاراستنی بەرجام جگە لەپێبەندیی بە تەواوەتیی ئەمریکا و لایەنەکانی دیکەی بەرجام بە هەموو بەڵێنەکانی نیە .

ترەمپ بە ئیدعای ئەوەی کە رێککەوتنی ناڤۆکی تەنیا بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابین دەکات خوازیاری گۆڕانی بڕگەکانی بەرجام بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی واشنگتۆن دایە .

ئەوە لە کاتێک دایە کە لایەنەکانی دیکەی رێککەوتنی ناڤۆکی واتە بەریتانیا ، روسیا ، چین ، ئاڵمان و یەکیەتی ئوروپا بەجاران بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە بەرجام بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتیە وتوویانە ، ئەمە رێککەوتنێک نیە کە دوو قۆڵی ئامادە کرابێ و بکرێ گۆڕانی تێدابکرێ .

..........